بەڕێوەبەری سەنتەری رافیدەین خۆی رادەستی پۆلیسی نەجەف کرد

 
رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەری سەنتەری رافیدەین خۆی رادەستی پۆلیسی نەجەف کرد.
 
ئەمڕۆ دووشەممە، 26ـی ئابی 2024، سەرچاوەیەکی ئەمنی لە پارێزگای نەجەف بە رووداوی راگەیاند، "ئەمڕۆ زەید تاڵقانی، بەڕێوەبەری سەنتەری رافیدەین بۆ دیالۆگ خۆی رادەستی بنکەی پۆلیسی نەجەف کرد". 
 
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشدا، خۆ رادەستکردنەکەی تاڵقانی "پەیوەندیی بەو سکاڵایەوە هەیە دژی تۆمارکراوە". 
 
ساڵی رابردوو دادگەی لێکۆڵینەوەی نەجەف بە پێی مادەی 340 لە یاسای سزادان، بە پشتبەستن بە سکاڵای غەیس ئەبو شەبع، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای نەجەف، فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ زەید تاڵەقانی دەرکرد.
 
غەیس ئەبو شەبع لە سکاڵاکەدا تاڵەقانی بە هەڕەشەکردن لێی و تۆقاندنی تۆمەتبار کردبوو.
 
هاوکات، لەم ماوەیەدا نامەیەکی دەنگیی تاڵقانی بڵاوبووەوە کە تێیدا دەڵێت: "کەس ناتوانێت رامبگرێت، تەنانەت سیستانیش"، ئەوەش وایکرد سکاڵایەکی دیکە و بەگوێرەی بڕگەی 372 لە مادەی 5ـی یاسای سزادانی عێراقی پەیوەست بە سووکایەتیکردن بە پیرۆزییەکان، بڕیاری دەستگیرکردنی بۆ دەربچێت.
 
رۆژی 22ـی 10ـی ساڵی رابردوو، بارەگای سەنتەری رافیدەین لە نەجەف  رووبەڕووی هێرشێکی بۆمبی بووەوە و زیانێکی زۆر بە کەلوپەلەکانی کەوت.
 
ئەوکات سەنتەرەکە راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ئەوە چوارەمین جارە سەنتەری رافیدەین بۆ دیالۆگ رووبەڕووی "هێرشی تیرۆریستیی ترسنۆکانەی رێکخراو" دەبێتەوە. 
 
سەنتەری رافیدەین، یەکێکە لەو سەنتەرانەی ساڵانە کۆڕبەندی تایبەت بە ئابووری، سیاسی و کولتووری لە عێراق هەیە و بارەگای سەرەکی لە شاری نەجەفە.