گوتاربێژی سەدرییەکان: تاکە چارە راپەڕینە دژی حیزبەکان


رووداو-هەولێر

گوتاربێژی نوێژی هەیینیی مانگرتووانی رەوتی سەدر، ئەمڕۆ لە ناوچەی سەوز لە بەغدا رایگەیاند کە هێزی پشت "شۆڕشی چاکسازی بە هیچ شێوەیەک بە گفتوگۆکردن لەگەڵ کۆمەڵەی گەندەڵکاران رازی نابێت؛ تاکە چارەسەریش راپەڕینە دژی حیزبەکان؛ هەروەها لابردن و لێپرسینەوەیە لەگەڵیان".
 
موهەننەد موسەوی، گوتاربێژی نوێژی هەیینیی رەوتی سەدر ئەمڕۆ هەینی 26/8/2022، لە گوتاری ئەم هەینییەدا رایگەیاند: "داواکارییەکانی شۆڕشی عاشوورا دژی گەندەڵی و پاشکۆیی رەوان؛ شۆڕشی چاکسازیش بە هیچ شێوەیەک رازی نابێت بە گفتوگۆکردن لەگەڵ کۆمەڵەی گەندەڵکاران".
 
موهەننەد موسەوی گوتیشی: "ترس وا لە کەسانێک دەکات داوای مافە رەواکان نەکەن، بەڵام گەندەڵی گەیشتووەتە ئاستێک چی دیکە قبووڵ ناکرێت. ئێستاش بڕیاری لای ئێوەیە [بڕیار لای جەماوەرە]، یاساش لە ژێر دەسەڵاتی ئێوە و دەستوور لەبەردەمتانە".
 
گوتاربێژی نوێژی هەیینیی رەوتی سەدر گوتیشی: "شۆڕشی عاشوورا توانای جەماوەری زیندووکردەوە بۆ وەستان دژی گەندەڵی و هەر دەبێ سەربکەوێت؛ حیزبەکان هیچ سامانێکیان بۆ ئەم وڵاتە نەهێشتووەتەوە؛ تاکە چارەش راپەڕینە دژیان بۆ لابردنیان و لێپرسینەوە لەگەڵیان".
 
لە کۆتایی مانگی حەوتی رابردووەوە لایەنگرانی رەوتی سەدر لە باڵەخانەی پەرلەمانی عێراق مانیان گرتووە و داوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێکی دیکەی پێشوەخت دەکەن؛ لە بەرامبەردا چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعە کە خاوەنی گەورەترین فراکسیۆنە لە پەرلەمان و رکابەری رەوتی سەدرە، پێداگیرە لەسەر پێکهێنانی حکومەتی نوێ و گۆڕینی یاسا و کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان پێش بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێکی دیکە.