هاووڵاتییەک لە نەجەف ئەندامانی خێزانەکەی دەکوژێت

 
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی ناوخۆی عێراق دەستگیرکردنی هاووڵاتییەکی لە شاری نەجەف راگەیاند، کە تۆمەتبارە بە کوشتنی سێ ئەندامی خێزانەکەی.
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، کە لە سەرچاوەیەکی ئەمنیی پارێزگاکەوە دەستی کەوتووە، ئەمڕۆ هەینی 26ی تەممووز، لە گەڕەکی یەرمووکی شاری نەجەف، هاووڵاتییەک کە تەمەنی نزیکەی 30 ساڵە؛ دایک، خوشک و برایەکی خۆی کوشت و برایەکی دیکەشی بریندار کرد.
 
بکوژەکە کوڕی گەورەی خێزانەکەیە و بەگوێرەی راگەیێندراوی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، هۆکاری کوشتنی ئەندامانی خێزانەکە بریتی بووە لە "ناکۆکی لەسەر بڕێک پارە."
 
بەگوێرەی ئاماری ئاژانسى هەواڵگریى فیدراڵیی عێراق، لە 6 مانگی سەرەتای ئەم ساڵدا 34 هەزار 979 کەس بە تۆمەتی کوشتن و تاوانی دیکە لەلایەن ئاژانسەکەوە دەستگیر کراون.