ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا: 144 کیلۆمەتر لە دیوارەکەی سەر سنووری سووریا تەواو کراوە

 
رووداو دیجیتاڵ

حکومەتی عێراق لە دروستکردنی دیوارە کۆنکرێتییەکەی سنووری نێوان وڵاتەکەی و رۆژئاوای کوردستان و سووریا بەردەوامە و ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا دەڵێت، نزیکەی نیوەی تەواو بووە.
 
ئەمڕۆ هەیینی 26ی تەممووز محەممەد جاسم کاکەیی، سەرۆکی لیژنەی ئەمنیی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەو دیوارەی دروست دەکرێت کۆنکرێتە و درێژییەکەی 349 کیلۆمەتر و بەرزییەکەی سێ مەتر دەبێت." گوتیشی، "تاوەکو ئێستا نزیکەی 144 کیلۆمەتری تەواو بووە."
 
دروستکردنی دیوارەکە لە ساڵی 2018 دەستی پێکرد و بە گوتەی تەحسین خەفاجی، گوتەبێژی فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق، لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا رێکاری ئەمنیی جیاوازیان گرتووەتەبەر بە مەبەستی پاراستنی ئەو سنوورە.
 
تەحسین خەفاجی گوتی، لە چوارچێوەی رێکارەکانی تایبەت بە تووندوتۆڵکردنی سنوورەکەدا، دیواری کۆنکرێتی دروست دەکەن، خەندەق لێدەدەن کە سێ مەتر قووڵ و سێ مەتر پان دەبێت، خاڵی چاودێری دادەنێن، پاسەوانی سنوور بڵاوە پێدەکەن و سوپای عێراقیش لە چەند بنکەیەکی پشت ئەوان جێگیر دەکرێت.
 
بە گوتەی گوتەبێژی فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق، ئامانج لەو کارە، دڵنیاییدانە لە رێگەگرتن لە دزەکردنی چەکدارانی داعش لەنێو سووریاوە بۆ نێو عێراق؛ هەروەها رێگەگرتن لە کاری گرووپە تاوانکارییەکان و قاچاخچییەکان.
 
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکانی هێزەکانی پاسەوانی سنووری عێراق، لە ساڵی 2023دا 13 هەزار و 80 کەس دەستگیر کراون، کە هەوڵیانداوە لەنێو سووریاوە بێنە نێو عێراق.