پارێزگاری نەینەوا بۆ ئەنجوومەنی پارێزگا: لە گۆڕانکارییەکان پەلە مەکەن

26-07-2024
هەستیار قادر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

پارێزگارى نەینەوا نووسراوێکی ئاراستەى ئەنجوومەنى پارێزگا کردووە و داوای لێکردوون "پەلە نەکەن" لەو گۆڕانکارییە کارگێڕییانەى سەرەتاى ئەم مانگە بڕیاریان لێداوە. ئەندامێکى ئەنجوومەن لە بەرەى لایەنگرى گۆڕانکارییەکانە و دەڵێت، "وەڵامى نووسراوەکە بەوە دەدرێتەوە، بەردەوام دەبن لەسەر جێبەجێکردنى گۆڕانکارییەکان."
 
بەگوێرەى ئەو زانیارییانەى تۆڕى میدیایی رووداو دەستى کەوتوون، هەفتەیەک لەمەوبەر عەبدولقادر دەخیل، پارێزگارى نەینەوا نووسراوێکى ئاڕاستەى ئەنجوومەنى پارێزگاى شارەکە کردووە و بۆچوونى دەستەى باڵاى هاوئاهەنگیى نێوان پارێزگاکانى سەر بە ئەنجوومەنى وەزیرانى ئاراستە کردوون لەبارەى ئەو گۆڕانکارییانەى، کە لە سەرۆکى چەند یەکەیەکى کارگێڕى شارەکە کراون.
 
رۆژی 2ى تەممووزی 2024 ئەنجوومەنى پارێزگاى نەینەوا گۆڕانکاریی لە 17 یەکەى کارگێڕیى شارەکە کرد، هاوپەیمانیى نەینەواى ئاییندە، بە فراسیۆنى یەکێتییەوە دەنگیان بەو گۆڕانکارییانە دا، بەڵام هاوپەیمانیى نەینەواى یەکگرتوو لەگەڵ فراکسیۆنى پارتى لە دژى بوون.
 
ئەحمەد عەبد رەببە لە هاوپەیمانیى نەینەواى یەکگرتوو و محەممەد کاکەیی، لە فراکسیۆنى یەکێتى پشتڕاستیان کردەوە کە نووسراوەکەی پارێزگار گەیشتووەتە ئەنجوومەن.
 
رۆژێک دوای گۆڕانکارییەکان، دەستەى باڵاى هاوئاهەنگیی نێوان پارێزگاکان نووسراوێکى ئاراستەى ئەنجوومەنى پارێزگاى نەینەوا کرد و داوایلێکردن "پەلە نەکەن" لە گۆڕانکارییە کارگێڕییەکان تاوەکو وەڵامى ئەنجوومەنى دەوڵەت لەوبارەیەوە دەگەڕێتەوە.
 
محەممەد کاکەیی گوتى، "نووسراوەکەى پارێزگار پاڵپشتیکردنە لە بۆچوونى دەستەى باڵاى هاوئاهەنگیى نێوان پارێزگاکان بەو ئاراستەیەى ئەنجوومەن پەلە نەکات لە ئەنجامدانى ئەو گۆڕانکارییانە، بەم نزیکانە ئەنجوومەن وەڵامى پارێزگار دەداتەوە بەوەى کە بەردەوام دەبن لەو گۆڕانکارییە کارگێڕیانە."
 
هاوپەیمانیى نەینەواى ئاییندە خاوەنی 16 کورسین، هەرچی نەینەواى یەکگرتوو و فراکسیۆنى پارتىیە پێکەوە 13 کورسییان هەیە، پارێزگار ئەندامى هاوپەیمانێتى دژ بە گۆڕانکارییە کارگێڕیبەکانە، سەرۆکى ئەنجوونى پارێزگاش لە هاوپەیمانیى بەرى گۆڕانکارییەکانە.   
 
رۆژی 15ى تەممووزی 2024، عەبدولقادر دەخیل، داواى کرد نوێنەرانى لایەنە سیاسییەکان بۆ چارەسەرى ئەو پرسە کۆببنەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا وادەى کۆبوونەوەکە دیار نییە.
 
ئەندامەکەى فراکسیۆنى یەکێتى گوتى، "محەممەد شەممەرى، مەروان تائی و مەروان لهێبی، ئەندامانى فراکسیۆنى نەینەواى ئایندە راسپێردراون بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ فراکسیۆنەکانى دیکە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی وەزارەتی ناوخۆی عێراق

وەزارەتی ناوخۆی عێراق: 2103 ئەفسەر و کارمەند بەهۆی گەندەڵی و بەرتیل دەرکراون

گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق دەڵێت، دوو هەزار و 103 کارمەند و ئەفسەر بەهۆی گەندەڵی و وەرگرتنی بەرتیل لە وەزارەت دەرکراون و سێ هەزار و 160 ئەفسەر و کارمەندی دیکەش خانەنشین کران. دەشڵێت 11 بازرگانی گەورەی مادەی هۆشبەریان کوشتووە.