هەفتەی داهاتوو نزیکەی 1900 پۆلیس لە دیالە دادەمەزرێندرێن
رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەیی پۆلیسی پارێزگای دیالە ناوی نزیکەی 1900 کەسی بڵاوکردەوە، کە لە رۆژی شەممەی داهاتووەوە دەبێت سەردانیان بکەن بەمەبەستی دامەزراندنیان بە گرێبەست.
فەرماندەیی پۆلیسی پارێزگای دیالە داوای کردووە، ئەوانەی ناویان لە لیستەکاندا هاتووە، لە رۆژی شەممە تاوەکو چوارشەممەی هەفتەی داهاتوو، کاژێر 08:00ی بەیانی بۆ پشکنین سەردانی سەنتەری مەشقی پۆلیسی دیالە بکەن.
ئەو کەسانەی بە ناونیشانی پۆلیس لەو پارێزگایە دادەمەزرێندرێن، 1865 کەسن، بەشێکیان کوردن. ئەو کەسانەی ناویان هاتووە، خەڵکی قەزاکانی وەکو خانەقین، کفری، بەلەدروز، خاڵس، شارەبان، مەعبەر و شوێنی دیکەن.
پۆلیسی پارێزگای دیالە داوای لەو کەسانە کردووە، دوو کۆپیی کارتی نیشتمانی و کارتی زانیاری، سێ کۆپیی بڕوانامەی خوێندن، شەش وێنە، بەڵگەنامەکانی دایک و باوک و جلی وەرزشی لەگەڵ خۆیان بهێنن.
دامەزراندنی ئەو کەسانە بەپێی یاسای بودجەی گشتیی عێراقە، کە تێیدا 150 هەزار کەس بە شێوەی گرێبەست دادەمەزرێندرێن، کە بەپێی ژمارەی دانیشتووان بەسەر پارێزگاکانی عێراق دابەش دەکرێن.