رووداو دیجیتاڵ
ئاسایشى نیشتمانى عێراق تۆڕێکى نێودەوڵەتیى بازرگانى مادەى هۆشبەر ئاشکرا دەکات، کە لە نێوان نەجەف و بەغدا حەبى کاپتاگۆنیان لە ناو تایەى ئۆتۆمبێل و فەردە برنجدا شاردووەتەوە.
دەزگاى ئاسایشى نیشتمانیى عێراق رۆژی هەینی، 26-07-2024 بڵاویکردەوە، سێ لە ئەندامانی تۆڕە نێودەوڵەتییەکە لە شاری نەجەف دەستگیرکراون.
هێزە ئەمنییەکانی عێراق لە کاتی دەستگیرکردنی ئەو سێ کەسەدا دەستیان بەسەر 200 هەزار دەنک حەبی کاپتاگۆندا گرتووە.
دەزگاى ئاسایشى نیشتمانى دەڵێت: "ئەو تۆڕە رێگەیەکى داهێنەرانەیان بەکارهێناوە بۆ بە قاچاخبردنى مادەى هۆشبەر، ئەویش شاردنەوەی حەبەکان لە ناو تایەى ئۆتۆمبێلى بارهەڵگر و فەردە برنج، بۆ ئەوەى بیگەیێننە دەستى کڕیارەکان".
لە شەش مانگى یەکەمی ئەم ساڵدا بەڕێوەبەرایەتى بنبڕکردنى مادەى هۆشبەر و کارتێکەرە دەروونییەکان، دەستى گرتووە بەسەر یەک تۆن و 822 کیلۆ و 740 گرام مادەى هۆشبەردا.
لەو ماوەیەدا 7 هەزار و 705 تۆمەتبارى مادەى هۆشبەر دەستگیرکراون، 1435 یان بازرگانى مادەى هۆشبەر بوون، کە 147یان بازرگانى نێودەوڵەتى بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ