لە مووسڵ باوکێک کوڕەکەی دەکوژێت و تەرمەکەی فڕێدەداتە نێو زبڵدان

رووداو دیجیتاڵ 

لە شاری مووسڵ، باوكێک کوڕەکەی دەکوژێت پاشان تەرمەکەی فڕێدەداتە نێو زبڵدانێک. باوکەکە لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیرکراوە.
 
رۆژی 26ی تەممووز فەرماندەیی پۆلیسی نەینەوا رایگەیاند، دوای تێپەڕبوونی تەنیا پێنج کاژێر بەسەر رووداوەکەدا، توانیویانە تۆمەتبارەکە دەستگیر بکەن.
 
رووداوەکە لە ناوچەى ئەربەجیەى بەشى چەپى شارى مووسڵ روویداوە. بەگوێرەى لێکۆڵینەوەکان کێشەى خێزانى لە نێوان ئەو کوڕ و باوکە دروست بووە. باوکەکە هەر لە نێو ماڵەکەیاندا کوڕەکەی خۆی کوشتووە.
 
دواى تاوانەکە، باوکەکە تەرمى کوڕەکەى خستووەتە نێو تەنەکەیەکی خۆڵ و پاشان فڕێیداوەتە نێو حاویەیەکی گەورەی زبڵەوە.
 
بە گوتەى پۆلیسى مووسڵ لەکاتى لێکۆڵینەوەدا ئەو باوکە دانى بەوەدا ناوە، کە دەستی ناوەتە بینەقاقای کوڕەکەی و خنکاندوویەتی.