عێراق بۆ پڕۆژەی میترۆی بەغدا کار لەگەڵ کۆمپانیای فەرەنسی، تورکی و ئیسپانی و بانکی ئەڵمانی دەکات
رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی عێراق رایگەیاند، بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەی میترۆی بەغدا، کار لەگەڵ ژمارەیەک کۆمپانیای فەرەنسی، ئیسپانی و تورکی و بانکێکی ئەڵمانیدا دەکات.
کۆمپانیاکانی سێسترا و SNCVی فەرەنسی، هەروەها ئەلستۆم، تالگۆ و سێنەری ئیسپانی و ژمارەیەک کۆمپانیای دیکەی تورکی، لەگەڵ دۆچە بانکی ئەڵمانی بۆ دانان و جێبەجێکردنی نەخشەی میترۆکە هەڵبژێردراون.
نەخشەی پڕۆژەی میترۆی بەغدا یەکەمجار لە هەشتەکانی سەتەی رابردوو دانرابوو، بەڵام بەهۆی جەنگ و سزا نێودەوڵەتییەکان، دواخرا.
لە ئەگەری جێبەجێکردنی دا، دەبێتە یەکەمین پڕۆژەی لەم شێوەیە لە عێراق.
چوار ساڵ و 18 ملیار دۆلاری دەوێ
ناسر ئەسەدی، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرزی راگەیاندووە، پڕۆژەکە 18 ملیار دۆلاری تێدەچێت و چاوەڕێ دەکرێت لە ماوەی چوار ساڵدا تەواو بکرێت.
زۆربەی دانیشتووانی بەغدا بۆ چوونە سەر کارەکانیان، سوود لە ئۆتۆمبێلی تایبەت، تاکسی و پاس وەردەگرن و هەندێ جار بەهۆی قەرەباڵخی، بڕینی مەودایەکی کورت، کاتێکی درێژی دەوێت.
حەوت هێڵی سەرەکی
میترۆی بەغدا لە کۆمەڵێک هێڵ و ژمارەیەکی زۆری شەمەندەفەری پێشکەوتوو پێکدێت کە بێ شوفێر کاردەکەن.
هێڵەکان بە سەر زەوی و ژێر زەویدا دەڕۆن و هەر هێڵێک دوو رێڕەوی چوون و هاتنی دەبێت.
حەوت هێڵە سەرەکییەکەی میترۆکە، درێژییان دەگاتە سەرووی 148 کیلۆمەتر. هەورەها 64 وێستگەی میترۆ، واتە شوێنی سواربوون و دابەزینی دەبێت.
جگە لەوە، 4 کارخانە و کۆگەی شەمەندەفەرەکان و چەندین ناوەندی کۆنترۆڵکردنی شەمەندەفەرەکان و حەوت وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبای بە توانستی 250 مێگاوات دەبن.
ئینتەرنێت و شوێنی بارگاویکردنەوەی موبایل
هەموو شەمەندەفەرێک، سیستمی کامێرای چاودێری، خزمەتگوزاری ئینتەرنێت و دەرەچەی USB بۆ بارگاویکردنەوەی ئامێرەکانی پەیوەندی تێدا دەبێت.
هەروەها هەموو شەمەندەفەرێک، شوێنی تایبەت بە ژنان و منداڵان و خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان دەبێت.
بە گوێرەی پلانی سەرەتایی پڕۆژەکە، میترۆکە بە هەموو هێڵەکانییەوە، رۆژانە توانای گواستنەوەی 3 ملیۆن و 250 هەزار سەرنشینی دەبێت.
خێرایی شەمەندەفەرەکانی لە نێوان 80 تا 140 کیلۆمەتر لە کاژێرێکدا دەبێت. بە کارەبا کاردەکەن و فێنککەرەوە و گەرمکەرەوەیان تێدا دەبێت.