کۆمیسیۆنى هەڵبژاردنەکانى عێراق 250 هەزار دەرفەتى کار رادەگەیێنێت
رووداو دیجیتاڵ
کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق 250 هەزار کەس بۆ سەرپەرشتیکردنى هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان وەردەگرێت. گوتەبێژى کۆمیسیۆنەکە دەڵێت: "پێویستە داواکار، دانیشتووى ئەو پارێزگایە بێت، کە هەڵبژاردنى تێدا دەکرێت."
لە رۆژى پێنجشەممەوە 27ـی تەمموزى 2023، کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق دەرگاى پێشکێشکردنى داواکارییەکان بۆ وەرگرتنی کارمەند بۆ هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان دەکاتەوە، کە فەرمانبەران و دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگەکان دەگرێتەوە.
رۆژی 26ـی تەمموزى 2023، جومانە غەلاى، گوتەبێژى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند "ئەو دەرفتە 250 هەزار کەس دەگرێتەوە، کە وەک کارمەند بۆ هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان کاردەکەن. پێویستە لە سنوورى ئەو 15 پارێزگایەدا بن، کە هەڵبژاردنەکەى تێدا دەکرێت."
سەبارەت بە شێوازی وەرگرتنی ئەو کارمەندانە، غەلای گوتی "تائێستا ئەوە یەکلانەکراوەتەوە کە بە گرێبەست دەبن یان هەمیشەیی و مووچەکەیان چەند دەبێت، ئەوانە دواتر بە رێنمایی رادەگەیێندرێن."
بڕیارە لە 18ـی کانوونى یەکەمى 2023، هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى عێراق لە 14 پارێزگای عێراق و پارێزگای کەرکووک بکرێت.
جومانە غلاى گوتى: "ئەوەى پەیوەندیدار بێت بە هەرێمى کوردستانەوە، تاوەکو نوێکردنەوەى تۆمارى دەنگدەرانى کەمپى ئاوارەکان تەواو نەبێت، نازانرێت هاووڵاتییانى دەتوانن داواکارى بۆ ئەو کارە پێشکێش بکەن یان نا."
کۆمیسیۆن تیمى گەڕۆکى ناردووەتە کەمپى ئاوارەکانى هەرێمى کوردستان بۆ نوێکردنەوەى تۆمارى دەنگدەران، کە لەوێوە بەشدارى هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانیان دەکەن.
بەگوێرەى رێنماییەکانى کۆمیسیۆن، ئەو کەسەى داواکارى پێشکێش دەکات، نابێت تەمەنى لە 19 ساڵ کەمتر و لە 56 ساڵ زیاتر بێت.