دوو پەرلەمانتار لە دادگەی فیدراڵی تانە لە خشتەکانی بودجەی 2024 دەدەن

رووداو دیجیتاڵ 

لەلایەن دوو پەرلەمانتاری لیژنەکانی دارایی و یاساییەوە، تانەیەکی دیکە لە خشتەکانی یاسای بودجەی 2024 لە دادگەی فیدراڵی درا، یەکێک لەو پەرلەمانتارانە دەڵێت: "پێشێلکاریی یاسایی زۆر بۆ تێپەڕاندنی کرا."
 
رۆژی چوارشەممە، 26ـی حوزەیرانی 2024، هەریەک لە مستەفا گەرعاوی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق و محەممەد خەفاجی، ئەندامی لیژنەی یاسایی پێکەوە لە دادگەی فیدراڵی تانەیەکیان لە بڕیاری ژمارە 64ـی پەسندکردنی خشتەکانی بودجەی ساڵی 2024 لە دادگەی فیدراڵی دا.
 
محەممەد خەفاجی، ئەندامی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق بە رووداوی گوت: "سکاڵاکەمان دژی بڕیارەکەی پەرلەمانە، چونکە لە رێکارەکانی پەیوەست بە خشتەکانی بودجە سەرپێچیی یاسایی زۆر کرا، هەر لە ئامادەکردن و ناردنی بۆ پەرلەمان، دانیشتنی لیژنەی تایبەت و راپۆرتی لیژنەکە و نێوەڕۆکی خشتەکان، ئەوەی بۆ ئێمە نێردرا لە پەرلەمان خشتەی بودجە نەبوو، دەبووایە یاسای بودجە هەموار بکەینەوە."
 
ئەو پەرلەمانتارە گوتی: "قەبارەی بودجەی 2023 نزیکەی 200 تریلیۆن بوو، کەچی لە خشتەکانی ساڵی 2024بۆ 212 تریلیۆن زیادیکرد، واتە جگە لەڕووی رووکارییەوە، خشتەکان زۆر پێشێلکاری کراوە، لەوانە لابردنی بەشێکی زۆری بودجەی پارێزگاکان و گواستنەوەیان بۆ سەر وەزارەتەکان، ئێمە تێبینی زۆرمان لەسەر خشتەکان هەیە."
 
سەرەتای ئەم مانگە د. رائید مالیکی، ئەندامی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق تانەی یەکەمی لە خشتەکانی بودجەی ساڵی 2024 بە دادگەی فیدراڵی دا.
 
بڕیاری 64ـی پەرلەمانی عێراق کە رۆژی 3ـی ئەم مانگە دەریکرد، بڕیاری پەسندکردنی خشتەکانی بودجەی ساڵی 2024ـی عێراقە.
 
بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2024، تەنیا خشتەکانی نێردرایە پەرلەمان، بەو پێیە بودجەی سێ ساڵییە "2023، 224 و 2025."، قەبارەی خەرجییەکانی بودجە 211 تریلیۆن و 900 ملیار دینار و  داهاتەکانیش 147 تریلیۆن و 800 ملیار دینارە، کورتهێنان 64 تریلیۆن دینار دەبێت.