بەرپرسێکی حەشدی شەعبی لە کارەکەی دوورخرایەوە

رووداو دیجیتاڵ 

بە فەرمانی فالح فەیاز، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی، ئەبو زەینەب ئەللامی، بەرپرسی ئاسایشی حەشدی شەعبی کە لە لیستی سزاکانی ئەمریکایە لە کارەکەی دوورخرایەوە و جێگرەکەی لە شوێنی دانرا.
 
سەرچاوەیەک لە حەشدی شەعبی بە رووداوی راگەیاند، ئەمڕۆ فالح فەیاز، نووسراوی لەسەر کارلابردن و دوورخستنەوەی حوسێن فالح عەزیز ئەللامی، ناسراو بە "ئەبو زەینەب ئەللامی"، بەرپرسی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی حەشدی شەعبی دەرکردووە. عەلی ئەلزەیدی، کە جێگری بوو، خراوەتە شوێنەکەی. 
 
ئەبو زەینەب ئەللامی، یەکێکە لە سەرکردەکانی حەشدی شەعبی، پێشتر لە سەرکردەکانی کەتیبەکانی حیزبوڵڵا بووە، بە سەرکوتکردنی خۆپێشاندانەکانی تشرینی ساڵی 2019 تۆمەتبارە.
 
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە 6ـی کانوونی یەکەمی ساڵی 2019 خستییە لیستی: "پێشێلکاریی گەورەی مافەکانی مرۆڤ"ـی پەیوەست بە کوشتنی خوپێشاندەرانی تشرینییەکان و خستیە لیستی سزاکانییەوە.
 
ئەبو زەینەب ئەللامی، لەنێوان ساڵانی 2020 و 2021، یەکێک بوو لە یاریدەدەرانی ئەبوو مەهدی موهەندیس. ساڵی 1969ـی پارێزگای میسانی باشووری عێراق لە دایکبووە. لە دەزگای هەواڵگریی رژێمی بەعس بەرپرسیارێتی هەبووە. لەساڵی 1986 بۆ ئێران هەڵات.