فڕۆکەیەک لە هەولێرەوە دەچێتە فڕۆکەخانەی بەغدا و سەرنشینانی لە فڕۆکەخانەکە دەرگایان لەسەر دادەخرێت
رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی فڕۆکەیەک لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە گەشتی بەغدا دەکات؛ لە فڕۆکەخانەی بەغدا دەرگای چوونە ژوورەوە بە رووی سەرنشینەکانی دادەخرێت. بە گوتەی سەرۆکی لیژنەی وەبەرهێنانی پەرلەمانی عێراق، کە یەکێک بووە لە سەرنشینەکان، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەکە دەرگای هۆڵەکەی کلیل دابوو، "خۆیشی خەوتبوو". لەسەر رووداوەکە وەزیری گواستنەوە لیژنەیەکی لێکۆڵێنەوەی پێکهێناوە.
حەسەنێن قاسم خەفاجی، سەرۆکی لیژنەی وەبەرهێنان و پەرەپێدانی پەرلەمانی عێراق یەکێک بوو لە سەرنشینەکانی فڕۆکەکە، رۆژی چوارشەممە 26-06-2024 بە رووداوی گوت، دوێنێ کاژێر 03:30 خولەک لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر لە رێگەی هێڵی ئاسمانیی عێراقییەوە فڕین، کاژێر 04:05 خولەک گەیشتینە فڕۆکەخانەی بەغدا، کاتێک دابەزین دەرگای چوونە ژوورەوەی فڕۆکەخانەکە داخرابوو، "گوتیان: بەڕێوەبەری گشتیی فڕۆکەخانە کلیلی داوە و کلیلەکەش لای خۆیەتی. لەوکاتەش خەرتوومی فڕۆکەکە پڕ لە سەرنشین بوو."
کۆمپانیای گشتیی هێڵی ئاسمانیی عێراقییە، کۆمپانیایەکی حکومییە و سەر بە وەزارەتی گواستنەوەی عێراقە. هێڵەکە گەشتی بۆ زیاتر لە 40 وڵات هەیە.
حەسەنێن قاسم خەفاجی دەڵێت، "دوو جار پەیوەندیم بە وەزیری گواستنەوە کرد، پێم گوت: دۆخی خەڵک خراپە، خەریکە دەرگا دەشکێنن. وەزیریش دوو جار پەیوەندی بە بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەوە کرد، بەڵام وەڵامی نەدایەوە. خۆشم تەلەفۆن و نامەم بۆ نارد، هەر وەڵامی نەدایەوە، دوای نیو کاژێر ئەوسا فەرمانبەرێک هات و دەرگاکەی کردەوە."
بە گوتەی سەرۆکی لیژنەی وەبەرهێنان و پەرەپێدان، "بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی بەغدا، دەرگاکەی کلیل دابوو و خەوتبوو."
وێنەی نووسراوەکەی خەفاجی دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە، کە بۆ وەزیری گواستنەوەی ناردووە، تێیدا داوا دەکات، لیژنەی لێکۆڵینەوە لەسەر بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی بەغدا پێکبهێندرێت، ئەوانەی کەمتەرخەمن سزا بدرێن. دەشڵێت، بەو هۆیەوە نەخۆش و بەتەمەنەکان دۆخی تەندروستییان تێکچووبوو، پاڵ پاڵێن لەنێو گەشتیارەکان دروستبووە، ئەوەش کارێکی ناشایستەیە.
بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەکان لە دەسەڵاتی وەزارەتی گواستنەوەی عێراقە. مەیسەم سافی، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق، رۆژی چوارشەممە 26-06-2024 بە رووداوی گوت، "داوای لێبوردن لە گەشتیارەکان دەکەین، کە 15 خولەک وەستاون و چاوەڕێیان کردووە."
مەیسەم سافی گوتی، "بە بڕیاری وەزیری گواستنەوە، لیژنەی لێکۆڵێنەوە پێکهێندراوە. دەبێت لە ماوەی 24 کاژێردا ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی پێشکێش بکات. ئەوانەی کەمتەرخەمن، رێکاری یاساییان بەرامبەر دەگیرێتەبەر."
لە عێراق و هەرێمی کوردستان شەش فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتی هەن، کە بریتین لە فڕۆکەخانەکانى بەغدا، هەولێر، سلێمانى، کەرکووک، نەجەف و بەسرە.