ساڵی 2020 زیاتر لە شەش هەزار بازرگانی ماددە هۆشبەرەکان لە عێراق دەستگیرکراون


رووداو دیجیتاڵ

بازرگانیکردن و بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان لە عێراق لە زیادبووندایە، بەڕێوەبەری گشتیی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان دەڵێت، "لە 1/1/2020 وە تاوەکو 30/11 زیاتر لە 6 هەزار تۆمەتبارمان دەستگیرکردووە".
 
ئەو ماددە هۆشبەرەی کە لە عێراق زیاتر کڕیاری هەیە جۆری کریستاڵە کە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرەنگاربوونەوەی هۆشبەرەکان لە عێراق دەڵێ، لە ئەفغانستان بەرهەمدەهێندرێت و لە رێگەی ئێرانەوە دەگەیێندرێتە عێراق.
 
لیوا مازن قورەیشی، بەڕێوەبەری گشتیی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان لە عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە 1/1/2020 تاوەکو 30/11/2020 ماددەی هۆشبەری جۆراوجۆر و ژمارەیەک کارلێکەری مێشک هەن کە لەو ماوەیەدا دەستیان بەسەردا گیراوە، بۆ نموونە ئەو ماددە هۆشبەرەی کە زۆرتر دەستی بەسەردا گیرا ماددەی کریستاڵە؛ لەو ماوەیەدا دەستمان بەسەر زیاتر لە 120 کیلۆگرامیدا گرت. ماددەی هۆشبەری دووەم کە دەستی بەسەردا گیراوە حەشیشە، کە دەستبەسەر زیاتر لە 270 کیلۆگرامیدا گیرا، هەروەها کارلێکەرەکانی مێشکیش هەن، لەو ماوەیەدا دەستمان بەسەر زیاتر لە 1.5 ملیۆن حەبیدا گرت".
 
جۆرێکی دیکەی ماددە هۆشبەرەکان حەپی کیبتاگۆنە کە بەشێکی زۆری لە سووریاوە بە قاچاخ دەهێندرێتە عێراق.
تاوەکو ساڵی 2003 عێراق تەنیا رێڕەوێک بوو بۆ بەقاچاخبردنی ماددە هۆشبەرەکان لە چەند وڵاتێکی دراوسێیەوە بەرەو کەنداو، کەچی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرەنگاربوونەوەی هۆشبەرەکان لە عێراق دەڵێ؛ ئێستا عێراق هەم رێڕەوە؛ هەم بازاڕە بۆ فرۆشتنی ماددە هۆشبەرەکان.
 
بەڕێوەبەری گشتیی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان ئاماژە بەوەش دەدات، "ئەو پارێزگایانەی کە زۆرترین بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکانیان هەیە، بەپێی لێکۆڵینەوەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکەمان پارێزگای بەسرەیە، هەروەها پارێزگای میسان، کە لێیانەوە زۆرتر دزە بە ماددە هۆشبەرەکان دەکرێت، کارلێکەرەکانی مێشکیش هەن کە زیاتر لە پارێزگاکانی رۆژئاوا هەن، لەوانەش پارێزگای ئەنبار، یان ئەوەی کە لە سووریاوە دێت لە رێگەی رەبیعە لە بەعاج، کە هاوسنوورە لەگەڵ هەرێم، لە بەعاجەوە بۆ شنگال، لەوێشەوە کارلێکەرەکانی سەر مێشک دێن".
 
ئامارە فەرمییەکان دەڵێن، گەنجان زۆرینەی بەکارهێنەرانی ماددە هۆشبەرەکانن لە عێراق، بەهۆی بێکاری و هەژارییەوە.
لێکەوتەکانی ئاڵوودەبوونیش هەمیشە خراپن، لە کاتێکدا یاسا لە عێراق سزای 10 ساڵ زیندانی تاوەکو دەگاتە زیندانی تاهەتایی و لەسێدارەدانی بۆ بازرگانانی ماددە هۆشبەرەکان داناوە.
 
بە گوێرەی ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، ساڵی رابردوو 275 ملیۆن کەس لە سەرانسەری جیهان ماددەی هۆشبەریان بەکارهێناوە و تا ساڵی 2030 ژمارەکە دەگاتە 299 ملیۆن کەس. 
 
لە راپۆرتی نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی تاوان و ماددە هۆشبەرەکاندا هاتووە، لە سەردەمی کۆرۆنادا بەراورد بە ساڵانی 2010 تاوەکو کۆتایی 2019، بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر بەرێژەی 22٪ زیادیکردووە.
 
نووسینگەکە مەزندە دەکات کە لە ساڵی 2020دا نزیکەی لە 5.5٪ی ئەوانەی کە تەمەنیان لەنێوان 15 تاوەکو 65 ساڵانە لانیکەم یەک جار ماددەی هۆشبەریان بەکارهێنابێت؛ هەروەها نزیکەی 37 ملیۆن کەس کە دەکاتە 13٪ی کۆی بەکارهێنەرانی ئەو ماددانە، بەو هۆیەوە تووشی نەخۆشی بوون.