کۆبوونەوەی لیژنەی دارایی لەگەڵ وەزیری دارایی لەبارەی خشتەی بودجەی 2024 دواخرا

26-05-2024
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

کۆبوونەوەی ئەمڕۆی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەگەڵ تەیف سامی، وەزیری دارایی بۆ تاوتوێکردنی خشتەی بودجەی 2024 دواخرا.
 
رۆژی یەکشەممە 26-05-2024 جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە رووداوی گوت، وەزیری دارایی عێراق کۆبوونەوەیەکی هەیە، هەر بۆیە ئەمڕۆ ناتوانێت لە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئامادەبێت، بۆیە کۆبوونەوەکە بۆ کاژێر 12:00ی نیوەڕۆی سبەی دووشەممە دواخرا.
 
رۆژی شەممە 25-05-2024 جەمال کۆچەر بە رووداوی گوت، رۆژی یەکشەممە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، بۆ تاوتوێکردنی خشتەی بودجەی 2024 میوانداریی تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق دەکات.
 
خشتەی بودجەى 2024 رۆژی 21ى ئایار گەیشتە پەرلەمان، ئەوەش دواى دوو رۆژ لە پەسندکردنى لە ئەنجوومەنى وەزیران.
 
لە خشتەی بودجەکەدا خەرجیی ئەم ساڵ بە 211 تریلیۆن و 861 مليار و 312 مليۆن و 504 هەزار دينار دانراوە، لەکاتێکدا داهاتى پێشبینیکراو 147 تریلیۆن و 836 هەزار و 655 ملیۆن و 889 هەزار دینارە، بەوپێیە بڕى کورتهێنانى بودجە دەگاتە 64 تریلیۆن دینار و زیاتر لە 300 ملیار دینارى کەمترە لە ساڵى رابردوو.
 
ئەندامەکەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق گوتی، لە کۆبوونەوەکەدا وەزیری دارایی لەبارەی خشتەی بودجەی 2024 وەڵامی پرسیاری پەرلەمانتاران دەداتەوە، لەوانە هۆکاری کەمبوونەوەی بودجەی پارێزگاکان و زیادبوونی بودجەی وەزارەتەکان، هەروەها چۆنییەتی پڕکردنەوەی کورتهێنان کە 64 تریلیۆن دینارە.
 
دوو هەفتە لە بەردەم پەرلەماندایە بۆ ئەوەى تاوتوێى خشتەى بودجەى 2024 بکات و دەنگى لەسەر بدات، بەوپێیەى لە 9ى حوزەیران پشووى پەرلەمان دەستپێدەکات.
 
جەمال کۆچەر رایگەیاند، وەزارەتی دارایی ساڵی رابردوو پارەی پرۆژەکانی بۆ زۆربەی پارێزگاکان خەرج نەکرد، بەڵام لە بودجەی 2024دا پڕۆژەی نوێی بۆ پارێزگاکان داناوە بۆ جێبەجێکردن، لەکاتێکدا پارەی ساڵی رابردووی خەرج نەکردووە لەوبارەوە پرسیاری لێدەکرێ.
 
جەمال کۆچەر دەڵێت، رەنگە لە کۆبوونەوەکەدا ئەندامانی لیژنەی دارایی پرسیاری هەرێمی کوردستانیش لە وەزیری دارایی بکەن، وەک رادەستکردنی داهات و پابەندبوونەکانی.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە