رووداو دیجیتاڵ
بۆ کڕینی چەک لە خەڵکی، دوو ملیار دینار لە بەغدا و بۆ هەر پارێزگایەکی دیکەی عێراقیش ملیارێک دینار تەرخان کراوە. گوتەبێژى لیژنەى رێکخستن و سنووردارکردنى چەک لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق دەڵێت، هەر هاووڵاتییەک مافی خۆیەتی چەکێکی سووکی هەبێت.
بۆ کۆنترۆڵکردنی چەک لە عێراق، بە فەرمانی دیوانیی ژمارە 52ی ساڵی 2021، حکومەتی عێراق چەکی هاووڵاتییان تۆمار دەکات و دەکڕێت. پرۆسەکە بە چەند قۆناخێک بەڕێودەچێت.
قۆناخى یەکەم لە کانوونى دووەمى 2024 دەستیپێکرد و تاوەکو 31-12-2024 بەردەوام دەبێت، تێیدا ئەو چەکە سووکانە تۆمار دەکرێن کە هاووڵاتییان هەیانە و مۆڵەتی وەرگرتنیان پێدەدرێت.
رۆژی یەکشەممە 26-05-2024 عەمید زیاد قەیسی، گوتەبێژى لیژنەى رێکخستن و سنووردارکردنى چەک لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق بە رووداوى راگەیاند، "هەر هاووڵاتییەکی عێراقی مافی هەیە چەکێکی سووکی هەبێت: کڵاشینکۆڤ، دەمانچە یان چەکی راو. تاوەکو ئێستا سێ هەزار چەکی سووکمان تۆمار کردوون."
بۆ تۆمارکردنی چەک، 697 ناوەند لە بنکەکانی پۆلیسی لە تەواوی پارێزگاکانی عێراق کراونەتەوە، جگە لە هەرێمی کوردستان.
قۆناخی دووەم کە بریتییە لە کڕینی چەکی مام ناوەند لە 01-05-2024 دەستیپێکردووە. عەمید زیاد قەیسی گوتی، "بۆ پارێزگای بەغدا دوو ملیار دینار و هەر پارێزگایەکی دیکەش ملیارێک دینار بۆ کڕینی چەک لە خەڵکی تەرخانکراوە."
لیژنە پێکهێندراوە بۆ پشکنینی ئەو چەکانەی دەکڕدرێن، 3 بۆ 5 ملیۆن و 900 هەزار دینار تەرخانکراوە بۆ کڕینی چەکی مام ناوەند.
سەرۆکی لیژنەکە دەڵێت، "بەگوێرەی خاوێنیی چەکەکە، پارەکە لەنێوان 3 بۆ 5 ملیۆن و 900 هەزار دینار گۆڕانکاریی بەسەردا دێت."
قۆناخى سێیەم چەک داماڵین لەدواى کڕینەوەى چەکى مامناوەند دەبێت. هێزە ئەمنییەکان دەست بە پشکنین و گەڕان بەدواى چەک و وردبینی لە مۆڵەتى چەک هەڵگرتنى هاووڵاتییان دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ