هێزە ئەمنییەکان تائێستا دەوری لقی KFCـی بەغدایان بەرنەداوە

رووداو دیجیتاڵ 

دانیشتووانى شەقامى فەلەستین لە خۆرهەڵاتى بەغدا بەیانیی ئەمڕۆ بە بینینی دیمەنی لقێکی KFC رۆژەکەیان دەستپێکرد، کە درەنگانى شەو دوو چەکدار بۆمبێکیان تێگرتبوو.
 
هێرشەکە زیانى مادى بە رووکارى چێشتخانەکە گەیاند، بەبێ ئەوەى زیانى گیانیی لێ بکەوێتەوە.
 
کەهلان بەغدادى، فەرمانبەر و شایەتحاڵ دەڵێ "گوێمان لە دەنگی تەقینەوەیەکى زۆر بەهێز بوو، بەڵام نەمانزانى چی بووە و خەوتینەوە. بەیانى هاتینە ئێرە و زانیمان رووداوەکە چى بووە. تەقینەوەکە زۆر گەورە بوو، ماڵى ئێمە سێ گەڕەک لەولای شوێنی رووداوەکەیە، بەڵام تەقینەوە هەموو ناوچەکەى هەژاند." 
 
دەزگا ئەمنییەکان لە رێگەى کامێراى چاودێرییەوە هێرشبەرەکانیان دەستگیرکرد. یەکێکیان لەدایکبووى 1996 و ئەوەى دیکەیان 2003ـیە. هێزەکان هەروەها دەستیان بەسەر ئەو چەکانەدا گرت، کە دوو هێرشبەرەکە پێیان گیراوە و، رێوشوێنە یاساییەکانیش بەرامبەریان بەردەوامن.
 
سەلاح حەسەن، چایچى و شایەتحاڵ باسی ساتی تەقینەوەکە بۆ رووداو دەکات و دەڵێ "من، لێرەدا وەستابووم بۆ ئەوەى شوێنى چا و جگەرەفرۆشتنەکەم بکەمەوە. لە کاتى کردنەوەیدا تەقینەوەیەکى زۆر بەهێز روویدا، لەدواى ئەوە بە چەند خولەکێکى کەم، پۆلیس تەوقى ناوچەکەى دا."
 
لقى چێشتخانەکە جار بە جار رووبەڕووى هەڵمەتى بایکۆتکردن دەبێتەوە، لە چوارچێوەى بایکۆتى ئەو بەرهەمانەى بە پاڵپشتیکارى ئیسرائیل دەزانرێن. پێشتریش ژمارەیەک لە هاووڵاتییانى عێراق لەدژی کردنەوەى کەى ئێف سی بوون لە بەشى کەرخى بەغدا و داوایان کرد دابخرێت.
 
سەرەڕاى دەستگیرکردنى ئەو کەسانەى دەستیان لە هێرشەکەدا هەبووە، هێشتا هێزە ئەمنییەکان دەورى چێشخانەکەیان بەرنەداوە، هەتاوەکو دواى کۆتاییهاتنی لێکۆڵینەوەکان و سەقامگیرکردنى ناوچەکە.