رووداو دیجیتاڵ
بەرهەمی سیستمێکی نوێی چاندنی گەنم لە پارێزگای نەینەوا پێگەیشتووە. جگە لە بەڕێوبەرایەتیی کشتوکاڵ، زانکۆی موسڵ لە سیستمەکەدا بەشدارن و بە پشتیوانیی پرۆگرامی جیهانیی خۆراک (WFP)ـی نەتەوەیەکگرتووەکان، جێبەجێ دەکرێت.
د. عەبدولستار، بەڕێوەبەری سەنتەری توێژینەوەی کشتوکاڵی دێمی لە زانکۆی موسڵ دەڵێ "جیاوازیی نێوان هەردوو رێگەکە؛ چاندنی کۆن و نوێ ئەوەیە، لە کۆنەکەدا رەنگە هەندێک کات پێویست بکات سێ جار زەوی بکێڵی؛ زستان، بەهار و پاییز، بەڵام لە نوێیەکەدا یەکجاری پێویستە."
هەروەها دەڵێ "کۆنەکە پێویستی بە پەڵەی باران هەیە؛ لە نوێیەکەدا دەتوانی دوای درووێنەش لە مانگەکانی 6 و 7 و 8، بیکەی."
لە پرۆگرامەکەدا 550 جووتیاری هۆبەکانی کشتوکاڵیی لە بەعاج، زوممار، مەحلەبییە، تلکێف و ناوەندی موسڵ بەشدارن، هەر هۆبەیەک 110 جووتیار دەگرێتەوە.
سیسیمەکە بۆ هاتنەبەرهەم، کەمترین ئاوی پێویستە، لەکاتێکدا نزیکەی 90٪ـی زەویی نەینەوا دێمییە و پشت بە باران یان ئاوی بیر دەبەستێت.
مەحموود ئەحمەد، رێکخەر و بەرپرسی بەدواداچوون لە بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی نەینەوا گوتی "بەرهەم لەڕێگەی چاندن بەو سیستەمە، بە کەمتر بارانیش زیاترە لە کۆنەکە، رێگەیەکە بۆ کۆگەکردن و کەم بەکارهێنانی ئاو و سەلمێندراوە، لە زۆر وڵاتانی جیهان سەرکەوتوو بووە، لەنێویاندا ئوسترالیا."
جوتیارێکیش بەناوی مەحموود محەممەد یەکەم ئەزموونی لەگەڵ ئەو سیستەمە باس دەکات، دەڵێ " 16 دۆنم زەوی بە رێگە کۆنەکە و 16 دۆنمیش بە رێگە نوێیەکە کراوە. نوێیەکە چاندنی ئاسانە و بێ ماندووبوونە. هەوڵی کارکردن و خەرجیی گاز و زۆر خەرجی دیکەمان بۆ دەگەڕێنێتەوە. لە کۆنەکەدا 50 کلیۆ گەنممان لە هەر دۆنمێکدا دەچاند، بەڵام لە نوێیەکەدا 25 کلیۆیە و بەرهەمەکەشی زیاترە."
بەگوێرەی ئاماری کشتوکاڵی نەینەوا بۆ رووداو، ئەمساڵ لە سنووری پارێزگاکە زیاتر لە سێ ملیۆن و 670 هەزار دۆنم زەویی بە گەنم چێنراوە، پێشبینی دەکەن بەرهەمەکەی بگاتە نزیکەی دوو ملیۆن تۆن گەنم.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ