پۆلیسی زیقار کەسێک بەتۆمەتی دزینی پارەی نۆ مزگەوت دەستگیردەکات
رووداو هەولێر
پۆلیسی پارێزگاى زیقار دەستگیرکردنى کەسێکى راگەیاند کە تۆمەتبارە بە "دزینى پارەى" نۆ مزگەوتى ئەو پارێزگایە، لەوانە پارەى زەکاتى دوو مزگەوت.
26ـى ئایارى 2022، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی بنبڕکردنى تاوانى پارێزگاى زیقار لە راگەیێندراوێکدا دەستگیرکردنى کەسێکى راگەیاند کە تۆمەتبارە بە "دزینى" پارە لە نۆ مزگەوتى ئەو پارێزگایە، ئەوەش دوای ئەوەی چەند سکاڵایەک لەوبارەیەوە لەو بەڕێوەبەرایەتییە تۆمارکراوە.
پۆلیسی بنبڕکردنى تاوانى زیقار دەڵێت، ئەو کەسە تەمەنى 24 ساڵە و پارەى لە نۆ مزگەوت دزیوە کە یەکێک لە تاوانەکانى دزینى پارەى سندووقى زەکاتى هەردوو مزگەوتى ئەمیرولموئمینین و سەیید سەعد لە زیقار بووە.
بەگوێرەى راگەیێندراوەکە، ئەو تۆمەتبارە دانى بەوەدا ناوە کە لە دوای نوێژى بەیانیان و چوونە دەرەوەى نوێژخوێنان لە مزگەوتەکان، ئەو دزییانەى ئەنجامداوە.
لیژنەى بنبڕکردنى تاوان بڕى ئەو پارەیەی ئاشکرا نەکردووە کە ئەو تۆمەتبارە لە مزگەوتەکان دزیویەتی.
دۆسیەى ئەو تۆمەتبارە بەگوێرەی مادەى 444ـى یاساى سزادانى عێراقى رەوانەى دادگە کراوە، کە تایبەتە بە دزیکردن و سزاکەى بەندکردنە بەو مەرجەى لە حەوت ساڵ زیاتر نەبێت.