پەرلەمان متمانەی لە مەشعان جبووری وەرگرتەوە

رووداو- هەولێر

لە دانیشتنی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقدا، بە هۆی نەبوونی بڕوانامەو دروستکردنی بڕوانامەی ساختە، متمانە لە مەشعان جبووری وەرگیرایەوە.

نەجیبە نەجیب، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراكسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە ( تۆڕی میدیایی رووداو) ی راگەیاند:"  لە دانیشتنی ئەمڕۆدا سەلیم جبووری، سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەران ئاشکرایکرد کە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان نووسراوێكیان بۆ ئەنجوومەنی نوێنەران رەوانەکردووە و داوای گرتنەبەری رێكاری یاسایی دەكەن دژی پەرلەمانتار مەشعان جبووری، بۆئەوەی پەرلەمان متمانەی لێوەربگرێتەوە".

ئەو پەرلەمانتارە هەروەها گوتیشی: " سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەران بڕیاریدا بە هەڵوەشاندنەوەی مافی ئەندامێتی لە مەشعان جبووری، بەهۆی نەبوونی بڕوانامەو دەرهێنانی بڕوانامەی ساختە، بۆیە پەرلەمان متمانەی لە مەشعان جبووری وەرگرتەوە".

بە گوتەی نەجیبە نەجیب، کۆمسیونی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە نووسراوەکەیدا کە بۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی ناردووە، ئاماژەی بەوە داوەكە لە شوێنی مەشعان جبووری کەسێکی دیکە دەبێتە پەرلەمانتار.

مەشعان جبوری، سیاسەتڤانێکی سوننەیە و لە خولی یەکەمی پەرلەمانیش کە نوێنەری پارێزگای سەڵاحەدین بوو، ئەندامێتی لێ سەندرایەوە.