چوار هەزار پارچە شوێنەوارى نەینەوا گەڕێندراونەتەوە کە داعش بە قاچاخ بردبوونى

26-04-2023
هەستیار قادر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکى دادگەى پێداچوونەوەى نەینەوا ئاشکرای دەکات، نزیکەى چوار هەزار پارچە شوێنەوار کە داعش لەو پارێزگایە بە قاچاخ لە رێگەی تورکیا و سووریاوە بردبوونیە دەرەوە، گەڕێندراونەتەوە. دەشڵێت، "داعش وای لە جیهان گەیاندبوو کە ئەو پارچە شوێنەوارانە بتن، بەڵام خۆى بازرگانیى پێوە کردوون."
 
بەگوێرەى گۆڤارى دادگەى سەر بە ئەنجوومەنى باڵاى دادوەرى، تاوەکو ئێستا توانراوە 3817 پارچە شوێنەوارى مێژوویی نەینەوا بگەڕێندرێنەوە، کە لە سەردەمى دەسەڵاتى رێکخراوى داعش لەو پارێزگایە بە قاچاخ براون.
 
دادوەر رائید حەمید موسلیح، سەرۆکى دادگەى پێداچوونەوەى نەینەوا بە گۆڤارەکەى راگەیاندووە، زۆربەی ئەو پارچە شوێنەوارانە لە رێگەى تورکیا و سووریاوە بە قاچاخ براونەتە دەرەوەى عێراق.
 
ساڵى 2014 رێکخراوى داعش شارى موسڵى ناوەندى پارێزگاى نەینەواى کۆنترۆڵ کرد و تاوەکو ساڵى 2017 ئەو شارەى بەدەستەوە بوو، لەو ماوەیەدا ژمارەیەک لە شوێنەوارەکانى ئەو شارە بە پاساوى ئەوەى پێچەوانەى بیروباوەڕى ئاینى ئیسلامن تێکدران.
 
سەرۆکى دادگەى پێداچوونەوەى نەینەوا ئاشکرای دەکات، 78 پارچە شوێنەوار لەوانەى گەڕێندراونەتەوە لە لوبنان بوون، 32 پارچەى دیکەیان لە بەریتانیا دۆزراوەتەوە. گوتیشى، "داعش واى لە جیهان گەیاندبوو ئەو پارچە شوێنەوارانە بتن، بەڵام خۆى بازرگانى پێوە دەکرد."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە