محەممەد شیاع سوودانی سەردانی موسڵ دەکات

رووداو دیجیتاڵ 

محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رۆژی یەکشەممە بەمەبەستی بەشداریکردن لە فێستیڤاڵی بەهارەی ئەو شارە، سەردانی موسڵ دەکات.
 
ئەمین فەنەش، قایمقامی موسڵی ناوەندی پارێزگای نەینەوا رۆژی چوارشەممە، (26-04-2023) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، رۆژی یەکشەممە، 30ـی نیسان فێستڤاڵی بەهارەی موسڵ بەڕێودەچێت، کە تێیدا چالاکی جۆراجۆری کولتووری، هونەری، رۆشنبیریی و ئەدەبی دەکرێن. 
 
قایمقامی موسڵ ئاماژەی بەوەکرد، بڕیارە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق سەردانی موسڵ بکات و لە فێستیڤاڵەکەدا ئامادەبێت.
 
ئەحمەد فەکاک بەدرانی، وەزیری رۆشنبیری و گەشتوگوزار و شوێنەواری عێراق، رۆژی 17-04-2023، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، فێستیڤاڵی بەهار لە موسڵ مێژووەکەی بۆ شەستەکانی سەدەی رابردوو دەگەڕێتەوە، بەڵام لە دوای 2003ـوە نەکراوە، وەزارەتی رۆشنبیری جارێکی دیکە ئەو فێستیڤاڵە زیندوودەکاتەوە. 
 
بەدرانی ئاماژەی بەوەکرد، فێستیڤاڵەکە بە هەوڵی هاوبەشی نێوان دامودەزگاکانی وەزارەتی رۆشنبیری و فەرمانگە خزمەتگوزاریی و کارگێڕی و تەکنیکییەکانی پارێزگای نەینەوا بەڕێوەدەچێت. ماوەی دوو رۆژ لە چەند شوێنێکدا لەوانە؛ دەشتی نەینەوا، دارستانی موسڵ و شانۆی زانکۆی موسڵ بەردەوام دەبێت.