عادل عەبدولمەهدی: عێراق لە بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا لە وڵاتانی پێشکەوتوو سەرکەوتووتر بووە

 
رووداو - هەولێر

سەرۆکوەزیرانی عێراق رایدەگەیێنێت، بە گەواهیدانی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، عێراق لە بەرەنگاربوونەوەی پەتای کۆرۆنا لە وڵاتانی پێشکەوتوو سەرکەوتووتر بووە.
 
نووسینگەی عادل عەبدولمەهدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە بەیاننامەیەکدا بڵاویکردەوە، رۆژی یەکشەممە 26ی نیسان کۆبوونەوەی نائاسایی لیژنەی باڵای هاوئاهەنگیی نێوان پارێزگاکان بەڕێوەچوو، لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆکوەزیران جەختی لەوە کردەوە، عێراق بە ئازایانە رووبەڕووی کۆرۆنا بووەتەوە و سەرکەوتنی بەرچاوی بەدەستهێناوە، بە گەواهیدانی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان سەرکەوتووتر بووە لە وڵاتانی پێشکەوتوو لەڕووی ژمارەی تووشبووان و گیانلەدەستدان.
 
سەرۆکوەزیرانی عێراق باسی لە گرنگیی هاوکاریی نێوان پارێزگاکان و لایەنە جێبەجێکارەکان بەشێوەیەکی فراوان کرد، بەوپێیەی دۆسیەی رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا نیشتمانی و جیهانییە، نەک خۆجێیی.
 
لەبارەی دۆخی ئابووریی عێراق، عادل عەبدولمەهدی رایگەیاند، سەرەڕای پشتبەستن بە نەوت و هەرەسهێنانی نرخی نەوت، بەڵام پێداویستیی خۆراک هەیە، وەرزی کشتوکاڵە و یەکێک لە شانازی و دەستکەوتە بەدەستهاتووەکان بریتییە لەوەی تێکڕای بەرهەمهێنانی ئەمساڵ لە ساڵی رابردوو باشترە، پێویستیشە چارەسەرێک بۆ دۆخی ئابووریی وڵات بدۆزرێتەوە.