فراکسیۆنە کوردستانییەکان: بەبێ دەنگدان لەسەر بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە بەشداری کۆبوونەوە ناکەین

26-03-2025
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە پەرلەمانى عێراق بڕیاریان دا ئەگەر"ئەمشەو" دەنگ بە پڕۆژەیاسای بە پارێزگاکردنی هەڵەبجە نەدرێت، بەشدارى هیچ کۆبوونەوەیەکى دیکەى پەرلەمان ناکەن ئەگەر ئەو بڕگەیەى تێدا نەبێت. 
 
کۆبوونەوەکە ئێوارەى ئەمڕۆ 26ـی ئادارى 2025 کرا، بەر لە کۆبوونەوەى چاوەڕوانکراوى پەرلەمان، کە یەکێک لە بڕگەکانى دەنگدان لەسەر ئەو پڕۆژەیاسایە. 
 
سۆران عومەر، سەرۆکى فراکسیۆنى کۆمەڵى دادگەریى کوردستان، بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت: "لەو کۆبوونەوەیەدا فراکسیۆنە کوردستانیەکان بڕیاریان دا، ئەگەر ئەمشەو دەنگ لە پڕۆژەیاسای بە پارێزگاکردنی هەڵەبجە نەدرێت، بەشداریى هیچ کۆبوونەوەیەکى دیکەى پەرلەمان نەکەن، ئەگەر دەنگدان لەسەر ئەو پڕۆژەیاسایەى تێدا نەبێت".
 
پڕۆژەیاسای بە پارێزگاکردنی هەڵەبجە لە چوار مادە پێکهاتووە؛ یەکەم مادە باسی بە پارێزگاکردنی هەڵەبجە دەکات وەک نۆزدەیەمین پارێزگاى عێراق، کە ناوەندى پارێزگاکە شارى هەڵەبجە دەبێت، بەپێی مادەى دووەمیش ئەنجوومەنى وەزیرانى هەرێمى کوردستان سنوورى یەکە ئیدارییەکانى پارێزگاکە دیاری دەکات.
 
دەنگدان لەسەر ئەو پڕۆژەیەیاسایە لە خشتەى کۆبوونەوەى سێشەممەى پەرلەمان بوو، بەهۆى تەواونەبوونى رێژەى یاسایی ئامادەنەبوونى پەرلەمانتاران، دەنگى پێنەدراو دواخرا بۆ ئەمڕۆ چوارشەممە. 
 
سۆران عومەر رایگەیاند: "پەرلەمانتارانى سوننە بەبیانوى ئەوەى پڕۆژەیاساى دەستەى حەشدی شەعبی خراوەتە خشتەى کارەوە ئامادە نین بەشدارى کۆبوونەوەکە بکەن، هەروەها هەندێک لە پەرلەمانتارانى شیعە نایانەوێت پارێزگایەکى دیکە بۆ عێراق زیاد بکرێت." 
 
پڕۆژەیاسای بەپارێزگاکردنى هەڵەبجە، بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵ، لە رۆژی 13-03-2023 پەسندکرا، بە نووسراوی ئەمیندارێتیی گشتیی ئەنجوومەنی وەزیران لە 14-03-2023 رەوانەی پەرلەمان کرا بۆ ئەوەى پەسند بکرێت.
 
دارا سێکانیانى، ئەندامى لیژنەى یاسایی پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت: "114 پەرلەمانتار واژۆیان کردووە کە ئامادەى کۆبوونەوەى پەرلەمان بن و تاوەکو ئێستا رێژەى یاسایى ئامادەبوونى پەرلەمانتاران تەواو نەبووە."
 
بۆ هەر کۆبوونەوەیەکى پەرلەمانی عێراق، پێویستە نیوە کۆ یەکى ژمارەى ئەندامانى ئامادە بن، کە 166پەرلەمانتارن.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە