هاتووچۆی عێراق: دەست بەسەر ئەو ماتۆڕسکیلانەدا دەگیرێت کە تۆمار نەکراون
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتووچۆی عێراق مۆڵەتی 90 رۆژ دەداتە خاوەن ماتۆڕسکیلەکان بۆئەوەی ماتۆڕەکانیان تۆمار بکەن، بە پێچەوانەوە رێکاری یاساییان بەرامبەر دەگیرێتەبەر. گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتییەکەش دەڵێت، "دەست بەسەر ئەو ماتۆڕسکیلانەدا دەگیرێت کە خاوەنەکانیان سەرپێچیی رێنوێنییەکان دەکەن."
لە راگەیێندراوێکدا کە ژمارە 2ی ساڵی 2024ی هەیە، بەڕێوەبەرایەتیی گشتی هاتووچۆی عێراق لەبارەی تۆمارکردنی ماتۆڕسکیلەوە رایگەیاند، "کاتی تۆمارکردنی ماتۆڕسکیلی دوو تایە و سێ تایە درێژ دەکرێتەوە، بەڵام تەنیا بۆ ئەوانەی خاوەنەکانیان سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتووچۆیان کردووە و مامەڵەکە نێردراوە بۆ دەستەی گشتیی گومرگ و نەیانتوانیوە تەواوی بکەن."
بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی عێراق ئاماژە بەوەش دەکات، "داوا لە خاوەنی ئەو ماتۆڕسکیلانە دەکەین لە رۆژانی 1ی نیسانی 2024 تاوەکو 30ی حوزەیرانی 2024 سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتووچۆ لە بەغدا و پارێزگاکان بکەن، بە پێچەوانەوە رێکاری یاساییان بەرامبەر دەگیرێتەبەر."
لەبارەی رێکارەکانەوە عەمید زیاد قەیسی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتووچۆی عێراق ئەمڕۆ سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "رێکارەکان بریتی دەبن لە دەستبەسەرداگرتنی ماتۆڕسکیلەکان و گەڕاندنەوەیان بۆ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گومرگ."
بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتووچۆی عێراق، نزیکەی یەک ملیۆن ماتۆڕسکیل لە عێراقدا هەن و کۆتایی ساڵی رابردوو رێنوێنی بۆ تۆمارکردنیان و پێدانی تابلۆ پێیان دەرکرا.