پلاندانانی عێراق بۆ رووداو: حکومەت رژدە ئەم ساڵ سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان بکات

رووداو دیجیتاڵ 

گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق رایگەیاند رژدن لەسەر کردنی سەرژمێری گشتیی دانیشتووان لە وادەی خۆی لە مانگی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ و هیچ بڕیارێک بۆ دواخستنی نییە. دەشڵێت، پێویستیان بە زیاتر لە 300 ملیار دینار و زیاتر لە 130 هەزار ئایپاد دەبێت.
 
عەبدولزەهرە هینداوی، گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بڕیارە سەرژمێری گشتیی دانیشتووان لە 20ـی مانگی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ بکرێت، حکومەتی عێراق تەواو رژدە لەسەر کردنی، پابەندبوونێکی تەواو هەیە و رێکارەکان بەردەوامن بۆ ئەوەی لە وادەی خۆیدا بکرێت، هیچ دواخستنێک بۆ وادەکە نییە."
 
گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق گوتی: "سەرژمێریی گشتی دانیشتووان و خانوو سەرجەم پارێزگاکانی عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە دەگرێتەوە، پێویستی بە زیاتر لە 300 ملیار دینار هەیە."
 
سەرژمێرییەکە "ئەگەر بکرێت" دەبێتە یەکەم سەرژمێری دوای زیاتر لە 27 ساڵ، یەکەم سەرژمێرییش دەبێت بە ئەلیکترۆنی بکرێت.
 
هینداوی دەڵێت، "بۆ ئەوەی سەرژمێرییەکە بە دروستی و وردی بکرێت پشت بە ئامێر و سیستەمی ئەلیکترۆنی دەبەسترێت، بڕیارە لەگەڵ ژمارەیەک کۆمپانیا رێکبکەوین بۆ ئەوەی بە زووترین کات رێکارەکانی کڕینی ئامێر و دابینکردنی سیستەم بکرێت."
 
گوتیشی: "بۆ کردنی سەرژمێرییەکە پێویستمان 120 بۆ 130 هەزار ئامێری تابلێت یان ئایپاد دەبێت، سەرژمێرییەکە لە ئاسمان و لە زەوییەوە پشتیوانی دەکرێت."
 
گەمارۆدان و ژمارەدانان و تاقیکردنەوەی پێشوەختە، لەو رێککارانەن کە وەزارەتی پلاندانانی عێراق بە هاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارەتی پلاندانانی هەرێمی کوردستان و هەردوو دەستەی ئامار سەرقاڵی ئامادەکاریی زیاترن بۆی بۆ زەمینەسازی بۆ کردنی سەرژمێرییەکە، وەکو ئەو بەرپرسەی وەزارەتی پلاندانانی عێراق باسی کرد.
 
گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق گوتی: "لەگەڵ هەرێمی کوردستان هاوئاهەنگی باشمان هەیە بۆ ئەوەی سەرژمێری بکرێت، ئەوان لە لیژنەی باڵای سەرپەرشتیکردنی سەژمێری گشتی دانیشتووان ئەندامن و نوێنەریشیان هەیە و پەیوەندییەکان زۆر باشن."
 
عەبدولزەهرە هینداوی، پێشبینی دەکات تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ ژمارەی دانیشتووانی عێراق بگاتە 44 ملیۆن کەس.
 
لەساڵی 2009ـوە، حکومەتی عێراق بەنیازە سەرژمێری بکات، بەڵام رێکنەکەوتنی لایەنە سیاسییەکان رێگر بووە لە ئەنجامدانی. 
عێراق، بڕیاریدابوو هه‌ر 10 ساڵ جارێك سه‌رژمێری بکات، ئه‌و سه‌رژمێرییانه‌ی کردوونی له‌ ساڵانی: 1927، 1934، 1947،1957، 1965، 1977، 1987، کۆتاجاریش 1997 بووە، بەڵام هەرێمی کوردستان لەو سەرژمێرییەدا نەبووە و ئێستا عێراق کار بەسەرژمێریی 1957 دەکات.
 
سەرژمێریی 1997 بەبێ پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بوو. لە دوایین سەرژمێریدا ژمارەی دانیشتووانی عێراق گەیشتە 19 ملیۆن و 184 هەزار و 534 کەس.
 
بەپێی پێشبینییەکانی وەزارەتی پلاندانانی عێراق، ژمارەی دانیشتووانی عێراق لە ساڵی 2030دا دەگاتە 51 ملیۆن و 211 هەزار و 700 کەس.