گواستنەوەی ناسنامەی باری شارستانی لەنێوان پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و عێراق رادەگیرێت

رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند بەهۆی سەرژمێریکردنی گشتی دانیشتووان لە عێراق، بڕیاردرا لە سەرەتای مانگی داهاتووەوە گواستنەوەی ناسنامەی باری شارستانی لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق رابگیرێت، راگرتنەکە هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە.
 
بەپێی روونکردنەوەیەکی وەزارەتی ناوخۆی عێراق راگرتنی گواستنەوەی ناسنامەی باری شارستانی لەنێوان پارێزگاکانی عێراق بەمەبەستی رێکخستنی کارەکانە وەکو ئامادەسازییەک بۆ سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان و خانووبەرە کە بڕیارە ئەمساڵ بکرێت.
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، راگرتنی گواستنەوەکە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە.
 
گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق، لەبارەی بڕیارەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "بڕیارەکە بە هاوئاهەنگییە لەگەڵ وەزارەتی پلاندانان و بۆ رێگریکردنە لەو رێگری و کارانەی کە رەنگە ببنە هۆکارێک بۆ شێواندن یان بردنی کاتی زیاتری فەرمانبەرانمان لەکاتی تۆماری ئەلیکترۆنی و سەرژمێریی دانیشتووان، بۆیە راگرتنی گواستنەوەی باری شارستانی بۆ ئاسانکاریکردنی رێکارەکانمانە."
 
لە ساڵی 2009ـوە، حکومەتی عێراق بەنیازە سەرژمێری گشتیی دانیشتووان بکات، بەڵام رێکنەکەوتنی لایەنە سیاسییەکان رێگر بووە لە ئەنجامدانی. 
 
عێراق، بڕیاریدابوو هه‌ر 10 ساڵ جارێك سه‌رژمێری بکات، ئه‌و سه‌رژمێرییانه‌ی کردوونی له‌ ساڵانی: 1927، 1934، 1947 ،1957، 1965، 1977، 1987، کۆتاجاریش 1997 بووە، بەڵام هەرێمی کوردستان لەو سەرژمێرییەدا بەشدار نەبووە و ئێستا عێراق کار بە سەرژمێریی ساڵی 1957 دەکات.