پارێزگاری نوێی سەلاحەدین 11 راوێژکار دووردەخاتەوە و راوێژکارێکی کوردیش دەهێڵێتەوە

26-03-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دوای هەشت رۆژ لە هەڵبژاردنی بە پارێزگاری نوێ، پارێزگاری سەلاحەدین لە کۆی 15 راوێژکار، 11 راوێژکار لە کارەکانیان دووردەخاتەوە و سێ راوێژکاری نوێشی زیادکردووە، یەکێک لەو راوێژکارانەی لە پۆستەکەیدا ماوەتەوە راوێژکاری ئەمنییە کە کوردە.
 
بەپێی دوو نووسراوی جیا، بەدر مەحموود فەحلی پارێزگاری نوێی سەلاحەدین، کە رۆژی 17ـی ئاداری 2024 لەلایەن ئەنجوومەنی پارێزگاوە بە پارێزگار هەڵبژێردرا، 11 لە راوێژکارەکانی دوورخستەوە، یەکێک لە راوێژکارە دوورخراوەکان کوردە و بۆ کاروباری ئاشتەوایی و هاوئاهەنگیی نێوان هۆزەکان بووە، بەناوی هەڵمەت عەدالەت ئەمین محەممەد.
 
کاوە شێخانی، راوێژکاری ئەمنیی پارێزگاری سەلاحەدین لەنێو ئەو چوار راوێژکارەیە کە لە پۆستەکەیاندا ماونەتەوە و تاکە راوێژکاری کوردە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "بڕیارێکی نوێی پارێزگاری سەلاحەدین دوورخستنەوەی بەشی زۆری راوێژکارەکانییەتی، لە کۆی 15 راوێژکار 11ـی دوورخستووەتەوە، سێ راوێژکاری نوێشی دامەزراند، لەنێو راوێژکارەکان تەنیا بەندە کوردم، لە پۆستەکەم ماومەتەوە."
 
بەپێی یەکێک لە نووسراوەکان کە 25-3-2024 دەرکراوە، نۆ راوێژکار دوورخراونەتەوە و بریتین لە راوێژکارەکانی پارێزگار بۆ کاروبارەکانی: پەروەردە و خوێندن، خزمەتگوزاری، فریاکەوتن و ئاوارەکان، راگەیاندن و پەیوەندییەکان، تەندروستی، ئاشتەوایی و هاوئاهەنگیی هۆزەکان، رۆشنبیری و پەروەردە، حەشدی شەعبی، وەبەرهێنان و گەشەپێدانی بەردەوام.
 
رۆژی یەکشەممە 17ـی ئاداری 2024، ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەدین کۆبووەوە و بە 13 دەنگ، بەدر مەحموود فەحلی وەک پارێزگاری نوێی سەلاحەدین هەڵبژارد.
 
ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەدین لە 15 ئەندام پێکدێت؛ تەنیا یەک ئەندامی کوردە، کە نوێنەری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە. 
 
رۆژی 4ـی شوباتی 2024 ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەدین، ئەحمەد جبووری بۆ پۆستی پارێزگاری سەلاحەدین هەڵبژارد، بەڵام سەرۆککۆمار ئامادە نەبوو مەرسوومى کۆماری بۆ دەستبەکاربوونی بۆ دەربکات بە پاساوى ئەوەى کۆتوبەندی تاوانی لەسەرە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

گەڕەکێکی هەولێر. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو/ئەرشیڤ

یەکەم قۆناخى سەرژمێریى عێراق خرایە کۆتایی تەممووز

گەمارۆسازی و ژمارەلێدانى خانوو، شوقە و باڵەخانەکان لە عێراق لە چوارچێوەى سەرژمێریى گشتیی دانیشتووان بۆ کۆتایی ئەم مانگە دواخرا. ئەو کارە بڕیار بوو 15ى تەممووز دەستپێبکات و دوو مانگ بخایێنێت