بەهۆی شەڕی تایفییەوە بەشێک لە هاووڵاتییانی دیالە شارەکە جێدەهێڵن


رووداو دیجیتاڵ

سەرەتای مانگی ئادار، حوسێن مەیسەم و هاوژینەکەی لە کاتی گەڕانەوەیان لە نزیک ماڵەکەیان لە گوندی حەزانییەی زۆرینە شیعەی پارێزگای دیالە بۆمبێکی چێندراو بە ئۆتۆمبێلەکەیان تەقییەوە. تاوەکو ئێستا نەکەس دەزانێ کێ بۆمبەکەی داناوەتەوە، نە هیچ کەسێک پاڵنەری پشت ئەم هێرشە دەزانێت.

شێخ ماهر عەلی تەمیمی، سەرۆک هۆزی بەنی تەمیم دەڵێت، "سەرنجماندا پارێزگاکەمان بەدەست پێشێلکاریی ئەمنی دووبارەبووەوە گیرۆدەیە، هەروەها پاڵنەری سیاسی و ناکۆکیی سیاسی بەردەوام لە پارێزگاکە هەن، لەگەڵ ئەوەشدا خەڵک بۆسە دادەنێنەوە بۆ ئەوەی دەرفەتی لێ بقۆزنەوە، هەوڵدەدەن بمانگەڕێننەوە چوارگۆشەی یەکەم؛ بۆ چوارگۆشەی تایفی و چوارگۆشەی ئاڵۆزی، چاورگۆشەی رفاندن و کوشتن."
 
جاسم، هاووڵاتییەکی دیکەی دیالەیە و بە نیازە لەگەڵ خێزانەکەی لەبەر زۆربوونی شەڕی تایفی و رق و کینە و تۆڵەسەندنەوە دیالە بەجێبهێڵێت. کوڕەکەی لە هێرشێک بەدەستی چەکدارانی نەناسراو برینداربووە و وەک خۆی دەڵێت: هێزە ئەمنییەکانیش بێدەنگن.
 
جاسم ئیسماعیل، هاووڵاتیی خەڵکی دیالە باس لەوە دەکات، "هێزە ئەمنییەکان و دەزگای ئەمنی بە هەموو پێکهاتەکانییەوە نەیانتوانیوە ئەنجامدەرانی ئەو کارە دەستگیربکەن. بەخوا زیاتر لە 200 بۆ 300 خێزان بەخۆم و هاوژینەکەشمەوە دەڕۆین و دەچینە دەرەوەی پارێزگای دیالە، چونکە ئاسایشی تێدا نەماوە."
 
لە مانگی شوباتەوە 19 کەسی سڤیل بەهۆی هێرشی چەکداری و دوو تەقینەوەی جیاوازەوە لە دیالە کوژراون. براکەی عەبدوڵڵا تەمیم یەکێکە لەو قوربانییانەی کە هێشتا چلەی نەچووە.
 
عەبدوڵڵا تەمیم، برای یەکێک لە کوژراوەکانی شەڕی هۆزایەتی لە دیالە گوتی، "ئەو خێزانە 58 شەهیدی داوە. ئەو سیناریۆیانەش هەموو سێ ساڵ جارێک یان چوار ساڵ جارێک دووبارە دەبنەوە و چارەسەریشی نییە. هیچ رێکارێکیش بۆ دەستگیرکردنی ئەنجامدەران ناگیرێتە بەر."
 
بەگوێرەی راپۆرتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەبارەی مافەکانی مرۆڤ بۆ ساڵی 2022، حەشدی شەعبی لەسەرتاسەری عێراق دەستی هەبووە لە کوشتن، رفاندن و زەوتکردنی موڵكی خەڵکی، بەتایبەتی لە پارێزگا فرە مەزهەب و نەتەوەکان، هاوکات کوشتنی هەڕەمەکی لەلایەن چەکدارانی نەناسراوە و تووندوتیژی کە پاڵنەری سیاسی لەپشتەوەبووە، بەردەوام لەسەرتاسەری وڵاتەکە روویداوە، بەڵام ئاماژە بەوەشدراوە کە داعش بەتایبەت لە دیالە لە هێرشەکانی نەوەستاوە و بەردەوامبووە لە هەڵکوتانە سەر خەڵكی سڤیل و کوشتنیان.