جێگری فەرماندەی سەربازگەی گەیارە: بە هیچ شێوەیەک کشانەوە نییە لە عێراق

 
رووداو - سەربازگەی گەیارە

ئاماده‌كارییه‌كان ده‌ستیان پێ كرد بۆ كشانه‌وه‌ی 800 سه‌ربازی هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تی له‌ سه‌ربازگه‌ی گەیاره‌، دواتر سه‌ربازگه‌كه‌ رادەستی هێزه‌ عێراقییه‌كان دەکرێت؛ به‌شێك له‌ كه‌لوپه‌له‌ سه‌ربازییه‌كانیان به‌ فڕۆكه‌ی بارهه‌ڵگر ره‌وانه‌ی سه‌ربازگه‌ی هه‌ولێر کردووە.
 
ئاده‌م كورێسلینك، جێگری فەرماندەی سه‌ربازگه‌ی گەیارە جگه‌ له‌ عێراق به‌شداریی شه‌ڕی ئه‌فغانستانیشی كردووه‌، به‌نێو سه‌ربازگه‌كه‌دا ده‌سوڕێته‌وه‌، سه‌رپه‌رشتیی سه‌ربازه‌كان ده‌كات تاوه‌كو به‌پێی ئه‌و پلانه‌ی كه‌ پێش 10 ‌مانگ دانرابوو بۆ راده‌ستكردنی ئه‌و سه‌ربازگه‌یه‌ به‌ته‌واوی جێبه‌جێ بكرێت.
 
جێگری فه‌رمانده‌ی سه‌ربازگەکەی گه‌یاره‌ دەڵێ "ئه‌مه‌ لە 100% خۆپته‌وكردنه‌ له‌ناو عێراق، به ‌هیچ شێوه‌یه‌ك كشانه‌وه‌ نییه، ئه‌گه‌ر ئه‌و سه‌ركه‌وتنانه‌ی پێشترمان تۆمارنه‌كردایه‌ له‌گه‌ڵ سوپای عێراق و پۆلیسی فیدراڵی و هێزی ئاسمانیی عێراقی، نه‌مانده‌توانی وه‌كو ئێستا به‌هێزبین".
 
پاش ته‌واوكردنی ئاماده‌كارییه‌كان و گەیشتنی فڕۆكه‌ی سه‌ربازیی حكومه‌تی عێراق، فه‌رمانده‌ی هێزی ئاسمانیی عێراق و نوێنه‌ری سه‌رۆكوه‌زیران له‌ترسی تووشنه‌بوون به‌ ڤایرۆسی كۆرۆنا، هه‌ر زوو چوونه‌ سه‌ر مێزی واژۆكردنی رێككه‌وتنه‌كه‌یان، هاوپه‌یمانان واژۆیان له‌سه‌ر سێ نووسراو كرد و نوێنه‌ری سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق نزیكه‌ی 30 نووسراوی پێ واژۆكرا.
 
ناوەرۆكی رێككه‌وتنه‌كه‌ نه‌خرایه‌ڕوو، به‌رپرسانی حكومه‌تی عێراقیش نكوڵی له‌ مه‌ترسییه‌كانی داعش ناكه‌ن، به‌ڵام ده‌ڵێن خۆیان توانای پاراستنی ناوچه‌كانیان هه‌یه‌.
 
گوته‌بێژی هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تی كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانیان له‌ سه‌ربازگه‌ی گەیاره‌ دۆکیۆمێنت ده‌كات و جه‌خت له‌ چڕكردنه‌وه‌ی تواناكانیان ده‌كاته‌وه‌ بۆ كۆتاییهاتنی داعش، وه‌كو ئاماژه‌یه‌ك بۆ كۆتایی نه‌هاتنی ئه‌و رێكخراوه‌.
 
مایلز كاگینز، گوته‌بێژی هێزه‌كانی هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تی دژ به‌ داعش دەڵێ "هه‌ر جوڵه‌یه‌ك كه‌ هاوپه‌یمانان ئه‌نجامیده‌ده‌ن له‌ناو خاكی عێراق به‌ هه‌ماهه‌نگیی حكومه‌تی عێراقه‌، تۆ ئه‌مڕۆ بینیت کە فه‌رمانده‌كانی عێراق و فه‌رمانده‌كانی ئه‌مریكا پێكه‌وه‌ كارده‌كه‌ن، ئێمه‌ به‌رده‌وام ده‌بین تاوه‌كو داعش له‌ناوببه‌ین، بوونی ئێمه‌ بۆ ئه‌وه‌یه‌ تاوه‌كو باشترین رێنمایی و راهێنان به‌ هێزه‌كانی عێراق پێشكه‌ش بكه‌ین".
 
سه‌ربازگه‌ی گەیاره‌ دوو رێره‌وی نیشتنه‌وه‌ی فڕۆكه‌ی هه‌یه‌، نزیكه‌ی 33 جێگەی بۆ حه‌شاردانی فڕۆكه‌ تێدایه‌، شوێنێكی ستراتیژییە‌ بە دووریی 16 كیلۆمه‌تر ده‌كه‌وێته‌ رۆژهه‌ڵاتی رووباری دیجله‌وه‌.