وەزیری بەرگریی عێراق: کەوتنی مووسڵ وەک ئاهەنگی بووک گواستنەوە بوو


رووداو - ئاژانسەکان

وەزیری بەرگریی عێراق رایدەگەیەنێت، کەوتنی مووسڵ و دەستبەسەرداگرتنی لەلایەن چەکدارانی داعش، لە ئەنجامی "گەندەڵی" لەنێو دەزگا سەربازییەکان بووە. دەشڵێت "هێزەکانی سوپا هەڵسوکەوتی نابەجێیان بەرامبەر بە دانیشتووانی ئەو شارە ئەنجامداوە".

خالید عوبەیدی، وەزیری بەرگریی عێراق، رایگەیاند: "هۆکاری سەرەکی کەوتنی مووسڵ، گەندەڵی بووە لە دامودەزگا سەربازییەکان و دانانی چەندین فەرماندەی سەربازی گەندەڵ، بەبێ ئەوەی لێهاتووییان لە بواری سەربازیدا هەبێت، هەروەها خراپی هەڵسوکەوتی هێزە عێراقییەکان لەگەڵ خەڵکی ئەوشارەدا، هۆکارێکی دیکەی کەوتنی ئەو شارەبووە".

عوبەیدی هەروەها گوتیشی "هێزەکانی عێراق شاری مووسڵیان بەبێ بەرگری دایە دەست چەکدارانی داعش، ئەو شەوە ئێمە لەوێ بووین، هیچ ئازایەتیەکمان بە سوپاوە نەبینی، کاتێک گوێبیستی دەنگی تەقەکانی چەکدارانی داعش بووین، وەک ئەوە وابوو ئاهەنگی بووک گواستنەوەی داعش بێت".

وەزیری بەرگریی عێراق راشیگەیاند" لە 80% دانیشتووانی شاری مووسڵ لەگەڵ حکومەتی عێراقدان، هەروەها چاوەڕێی رزگارکردنی شاری مووسڵن".
عوبەیدی ئاماژەی بەوەدا، چەکدارانی داعش ژێرخانی مووسڵییان وێرانکردووە، تەنانەت وایەری کارەباکانی مووسڵیان لە ژێر زەویدا دەرهێناوە و بردوویانە بۆ سووریا.

لە مانگی حوزەیرانی ساڵی رابردوو، رێكخراوی داعش تەواوی شاری مووسڵی سەنتەری پارێزگای نەینەوا و ژمارەیەك ناوچەی سەر بە پارێزگاكانی سەڵاحەدین و دیالەی كۆنتڕۆڵكرد.