پلاندانانی عێراق بۆ رووداو: رێژەی هەژاری لە 23٪ـەوە بۆ 17.6٪ دابەزیوە

26-01-2025
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بێکاری، هەژاری و گەشەی دانیشتووان لە عێراق دابەزیون. وەزارەتی پلاندانانی عێراق هۆکارەکەی بۆ کۆمەڵێک رێکاری حکومەت دەگەڕێنێتەوە و دەشڵێت، هێشتا پارێزگاکانی باشوور هەژارترینن و کەمیی گەشەی دانیشتوانیش بۆ بەرزبوونەوەی ئاستی هۆشیاری دەگەڕێتەوە.
 
عەبدولزەهرە هینداوی، گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە، 26-01-2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند: "وەزارەت ئامادەکاری دەکات بۆ ئەوەی لە 24ـی شوباتدا کۆنفرانسێک بۆ راگەیاندنی ئەنجامە وردەکانی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان بکات".
 
قۆناخی دووەمی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان لە عێراق و هەرێمی کوردستان لە رۆژانی 20، 21 و 22ـی تشرینی دووەمی 2024 بەڕێوەچوو بۆ کۆکردنەوەی داتای سەرەکی، دوای قۆناخی یەکەم بۆ کۆکردنەوەی زانیارییە سەرەتاییەکان بوو.
 
گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق هەندێک ئاماری سەرەتایی راگەیاند و گوتی: "رێژەی هەژاری لە 23%ـی ساڵی 2023ـەوە بۆ 17.6% دابەزیوە؛ هەروەها رێژەی بێکاری لە 16.5%ـەوە بۆ 14% دابەزیوە". 
 
گوتەبێژی وەزارەتی پلادانان هۆکارەکەی بۆ کۆمەڵێک رێکار دەگەڕێنێتەوە کە حکومەت گرتوونیەتییە بەر، لەوانە بڕینەوەی مووچەی چاودێریی کۆمەڵایەتی، دابەشکردنی سەبەتەی خۆراک بەسەر هەژاران، هاوکاریکردنی دارایی ئەو قوتابییانەی هەژارن و کۆمەڵێک رێکاری دیکە.
 
عەبدولزەهرە هینداوی رایگەیاند، هێشتا پارێزگاکانی نێوەڕاست و باشوور لە پارێزگا زۆر هەژارەکانن، وەکو موسەننا، میسان، دیوانییە و زیقار.
 
سەبارەت بە گەشەی دانیشتووان، گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق گوتی: "لە 2.6%ـی ساڵی 2023ـەوە بۆ 2.5% دابەزیوە". 
 
عەبدولزەهرە هینداوی دەڵێت، کەمێک گەشەی دانیشتووان دابەزیوە، ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ بەرزبوونەوەی ئاستی هۆشیاری لای تاک و خێزانی عێراقی بۆ رێکخستنەوەی خێزان.
 
بە گوتەی گوتەبێژی وەزارەتەکە، ئەنجامە کۆتاییەکانی سەرژمێری وردەکاری زۆر لەخۆدەگرێت، وەک تایبەتمەندییەکانی ژیانی مرۆڤ لە تەندروستی، خوێندن، کار و نیشتەجێبوون.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە