قایمقامی رووتبە: نزیکەی 150 ئەفسەر و سەربازی سووریا نەگەڕاونەتەوە وڵاتەکەیان

رووداو دیجیتاڵ
قایمقامی قەزای رووتبە دەڵێت، هیچ سەربازێکی سووریا لە کەمپی شارەکە نەماوە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، نزیکەی 150 ئەفسەر و سەربازی سووریا نەگەڕاونەتەوە وڵاتەکەیان.
عیماد دلێمی، قایمقامی قەزای رووتبە لە پارێزگای ئەنبار، ئەمڕۆ یەکشەممە 26-01-2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، هیچ سەربازێکی سووریا لەو کەمپە نەماوە کە نزیکەی مانگ و نیوێک لەمەوبەر تێیدا نیشتەجێکران.
دوای رووخانی دەسەڵاتی ئەسەد، نزیکەی 2,150 سەربازی سووریا چوونە عێراق و لەو کامپە جێگیرکران.
کەمپەکە دەکەوێتە نزیک فڕۆکەخانەی سەربازیی مورەسەنات کە 70 کیلۆمەتر لە رۆژئاوای رووتبە و چواڕیانی ترێبیل و تەنەفەوە دوورە.
قایمقامی قەزای رووتبە گوتی، جگە لە 150یان کە زۆربەیان پلەداربوون نەگەڕاونەتەوە و رەوانەی بەغدا کراون، ئەوانی دیکە هەموویان گەڕاونەتەوە سووریا.
قەزای رووتبە 300 کیلۆمەتر لە روومادی سەنتەری پارێزگای ئەنبارەوە دوورە و لەگەڵ ئوردن، سووریا و سعودیە هاوسنوورە.
رۆژی 7-12-2024، باسم عەوادی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەمڕۆ نزیکەی 2,000 سەربازی سوپای سووریا پەنایان بۆ سنوورەکانی عێراق هێنا و بە رەزامەندیی ئێمە، لە سنوورەکان هاتنە نێو خاکی عێراقەوە".