رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق رایگەیاند، نزیکەی 63٪ـی کارە بنەڕەتییەکانی دیزاینی پڕۆژەی رێگەی گەشەپێدان تەواوکراون و تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ قۆناخی دیزاین دێت.
مەیسەم سافی، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، تاوەکو ئێستا 96٪ـی کارەکانی رێگەی بەستنەوە بە بەندەری فاو، 81٪ـی کارەکانی نۆکەندی گواستنەوەی ئاوی، 84٪ـی کارەکانی گۆڕەپانی کۆنتێنەرەکان تەواوبوون و بەم زووانەش کارەکانی تونێلی ژێردەریایی تەواو دەبن.
سەبارەت بە رێگەی گەشەپێدان، مەیسەم سافی گوتی، "قۆناخی دیزاینی بنەڕەتی بەرایی تەواو بووە و چووینەتە قۆناخی دیزاینی وردەکاری یاخود کۆتایی، بەجۆرێک 64٪ـی کاری دیزاینی کۆتایی هێڵی ئاسنین و 60٪ـی کار دیزاینی کۆتایی رێگەی وشکانی تەواو بووە و تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ قۆناخی دیزاینی وردەکاری کۆتایی دێت. بەشێوەیەکی گشتیی دەکرێت بڵێین 63٪ـی کارەکانی دیزاینی کۆتایی تەواو بوون."
گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق ئاماژەی بەوەدا، لەم دواییانەدا کۆبوونەوەی چڕیان هەبوو لەبارەی پیشاندانی کارەکانی کۆمپانیا راوێژکارییەکانی نێو پڕۆژەی رێگەی گەشەپێدان و قۆناخەکانی تەواوبوونی بەندەری فاوی گەورە، لە کۆبوونەوەکاندا وەزیری گواستنەوە فەرمانی کرد سەرجەم زانیاری و داتاکان بدرێتە کۆمپانیای ئۆلیڤێر وایمەن بۆ پێداچوونەوەیان.
رێگەی گەشەپێدان عێراق بە وڵاتانی قەتەر، ئیمارات و تورکیا دەبەستێتەوە، بە نێو 11 پارێزگای عێراقدا تێدەپەڕێت؛ بەجۆرێک، لە بەندەری فاوەوە دەستپێدەکات و لە پێشابوورەوە دەچێتە نێو باکووری کوردستان و تورکیا.
پڕۆژەکە درێژییەکەى هەزار و 200 کیلۆمەتر دەبێت و تێچووەکەی 17 ملیار دۆلارە، 10.5 ملیار دۆلار بە شەمەندەفەری پێشکەوتووی کارەبایی دەدرێت و 6.5 ملیار دۆلاریش تێچووی دروستکردنی هێڵە ئاسنینەکە دەبێت.
کارەکانی پرۆژەی رێگەی گەشەپێدان دابەشکراوە بەسەر 15 بەش و بە سێ قۆناخ تەواو دەبێت؛ بڕیارە قۆناخی یەکەمی ساڵی 2028 تەواو بێت؛ قۆناخی دووەم 2038 و قۆناخی کۆتایی ساڵی 2050.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ