سوودانى: نابێت سووریا ببێتە گۆڕەپانی ململانێ

26-01-2025
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، نابێت سووریا ببێتە گۆڕەپانی ململانێ و ئامادەیی حکومەتەکەى دەربڕى بۆ هاوئاهەنگى لەگەڵ وڵاتانى ناوچەکە بە تایبەت تورکیا لەبارەى ئەوەى کە پەیوەندارە بەو پێشهاتانەى لە ناوچەکە روودەدەن.  
 
ئەو گوتانەى محەممەد شیاع سوودانى لە راگەیێندراوێکدا بوو کە نووسینگە رۆژنامەڤانییەکەى لەبارەى کۆبوونەوەى لەگەڵ هاکان فیدان، وەزیرى دەرەوەى تورکیا بڵاویکردەوە. 
 
بە گوێرەى راگەیێنراوەکە، لەو کۆبوونەوەیەدا کە ئەمڕۆ یەکشەممە، 26ى کانوونى دووەمى 2025، لە بەغدا کرا، هەردوولا باسیان لە پێشهاتەکانى ناوچەکە و سووریا کردووە و جەختیان لەسەر چڕکردنەوەى هەوڵەکان کردووەتەوە لە پێناو سەقامگیریى ناوچەکە.
 
محەممەد شیاع سوودانى رایگەیاند: عێراق ئامادەیە هاوئاهەنگى لەگەڵ وڵاتانى ناوچەکە بکات بە تایبەت تورکیا لەبارەى ئەوەى کە پەیوەندارە بەو پێشهاتانەى لە ناوچەکە روودەدەن.  
 
سەرۆکوەزیرانى عێراق جەختى لەوە کردەوە کە نابێت سووریا ببێتە گۆڕەپانی ململانێ و ئەوە کاریگەریى لەسەر ناوچەکە دەبێت.
 
سەردانى وەزیرى دەرەوەى تورکیا بۆ عێراق بۆ تاوتوێکردنى دۆخى ناوچەکە و پەیوەندى نێوان بەغدا و ئەنقەرە بووە، لەو چوارچێوەیەدا لەگەڵ فوئاد حوسێن، وەزیرى دەرەوەى عێراق کۆبووەوە.
 
محەممەد شیاع سوودانى ئاماژەى بەوەدا، حکومەتەکەى بەدواداچوون بۆ دۆسیەى پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و جێبەجێکردنى ئەو یاداشتى لێکتێگەیشتنانە دەکات کە لە سەردانێکیدا بۆ تورکیا لە تشرینى دووەمى 2024 لەگەڵ بەرپرسانى ئەو وڵاتە واژۆى کردوون.
 
بە گوێرەى راگەیێنراوەکە، وەزیرى دەرەوەى تورکیا جەختى لەوە کردووەتەوە کە وڵاتەکەى مکوڕە لەکارکردن لە چوارچێوەى پڕۆژەى رێگەى گەشەپێدان.
 
رێگەى گەشەپێدان 1200 کیلۆمەتر دەبێت، لە رێگەى ئاسن و وشکانى پێکدێت بۆ گواستنەوەى گەشتیار و کاڵاى بازرگانى، بە 11 پارێزگای عێراق و هەرێمى کوردستان دا تێپەڕ دەبێت و لەوێوە دەچێتە تورکیاوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە