بە بڕیاری سوودانی سەرجەم گەشتەکانی فڵای بەغداد راگیران

رووداو دیجیتاڵ 

کۆمپانیای فلای بەغداد کە ئەم هەفتەیە لەلایەن وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکاوە خرایە لیستی سزاکانەوە، رایگەیاند لەم ساتەوە تاوەکو کاتێکی نادیار و تەواوبوونی لێکۆڵینەوەکان لەگەڵ سەرۆکی جێبەجێکار و بەڕێوەبەرایەتی کۆمپانیاکە، سەرجەم گەشتەکانی کۆمپانیاکە رادەگیرێن.
 
کۆمپانیای فلای بەغداد کە کۆمپانیایەکی فڕۆکەوانیی عێراقییە و رۆژی 22ـی ئەم مانگە لەلایەن وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا بەتۆمەتی گواستنەوەی چەک و چەکدار و بەقاچاخبردنی دۆلار لە عێراقەوە سزای بەسەردا سەپێندرا و خرایە لیستی سزاکانەوە، لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، "بە ملکەچبوون بە بڕیاری حکومەت و محەممەد شیاع سوودانیی سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆمپانیاکە بەتەواوەتی بە بەڕێوەبەرایەتی و فەرمانبەران و سەرۆکی جێبەجێکارەوە پابەندی ئەو بڕیارە دەبین کە لەلایەن سەرۆکوەزیرانەوە دەرچووە بۆ راگرتنی سەرجەم گەشتەکان لەم ساتەوە تاوەکو ئەو کاتەی لێکۆڵینەوەکان لەگەڵ سەرۆکی جێبەجێکار و بەڕێوەبەرێتی کۆمپانیاکە لەلایەن لێژنەی هاوبەشەوە تەواو دەبێت."
 
کۆمپانیاکە دەشڵێت، پێشوازی لەو بڕیارە دەکەن "بەمەبەستی سەلماندنی نادروستیی ئەو بانگەشانەی وەزارەتی گەنجینە لە دژی کۆمپانیاکە و بەشیر عەبدولکازم عەلوان شەبانیی سەرۆکی ئەنجوومەنی جێبەجێکاری کراون."
 
کۆمپانیاکە داوا لە گەشتیاران، ئەوانەی پێشوەختە شوێنیان گرتووە و کۆمپانیاکەیان دیاریکردووە بۆ گەشتەکانیان ئاگاداری ئەو دۆخە نوێیە بن، ئەوەشی ئاشکراکردووە کە ناتوانن هیچ جوڵەیەک لە هەژمارە بانکییەکانیاندا بکەن، بۆیە ناتوانن پارەی ئەو پلیتانەی بڕاون و پووچەڵ کراونەتەوە یان پلیتی نوێیان بۆ ببڕینەوە.
 
هەروەها دەڵێت پێشوازی لە بڕیاری حکومەتی عێراق بۆ پشکنین و وردبینیی لە کۆمپانیاکە بۆ سەلماندنی دروستیی بانگەشەکانی وەزارەتی گەنجینە دەکات.
 
رۆژی سێشەممە، 23ـی کانوونی دووەمی 2024، سەرچاوەیەکی ئاگادار لە بانکی ناوەندیی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بانکی ناوەندیی عێراق پابەندی لیستی سزاکانی گەنجینەی ئەمریکا، تایبەت بە سەپاندنی سزا بەسەر ئەو کەسایەتی و کۆمپانیایانە دەبێت. بەم نزیکانە پابەندبوونی بە سزاکانەوە جێبەجێ دەکات." 
 
رۆژی دووشەممە، 22-01-2024، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا سێ سەرکردەی کەتیبەکانی حیزبوڵڵای عێراقی و چەند کۆمپانیایەکی خستە نێو لیستی سزاکانی، کە بە گوتەی وەزارەتەکە، هاوکاریی داراییان بۆ کەتیبەکانی حیزبوڵڵا کۆکردووەتەوە و دابینکردووە.
 
کۆمپانیای فلای بەغداد بۆ فڕۆکەوانی، یەکێک بوو لەو کۆمپانیایانەی خرایە لیستی سزاکانی ئەمریکا، بە تۆمەتی ئەوەی "چەک و چەکدار و دۆلار"یان بە قاچاخ بۆ سووریا بردووە، بەڵام کۆمپانیاکە لە روونکردنەوەیەکدا ئەو تۆمەتانەی رەتکردەوە.