وەزیری بەرگریی عێراق: هێزە چەکدارەکانمان ئامادەن دۆسیەی ئەمنی لەئەستۆ بگرن

رووداو دیجیتاڵ 

وەزیری بەرگریی عێراق دەڵێت، لە چەند رۆژی داهاتوودا لیژنەی باڵای سەربازیی عێراق و ئەمریکا لەگەڵ وڵاتانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ دیاریکردنی کاتی کشانەوەی ئەو هێزانە لە عێراق کۆدەبنەوە و ئاماژە بەوەش دەکات کە "هێزەکانمان ئامادەیی تەواویان هەیە بۆ قۆناخی دوای کشانەوەی ئەو هێزانە و گرتنەدەستی دۆسیەی ئەمنی لە تەواوی عێراق".
 
شەوی پێنجشەممە، 25ـی کانوونی دووەمی 2024، سابت عەباسی، وەزیری بەرگریی عێراق، لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی پێکهێنانی لیژنەی باڵای سەربازیی عێراقی - ئەمریکی رایگەیاند، "لیژنەکە لە رۆژانی داهاتوودا وتوێژەکانی لەگەڵ وڵاتانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دەستپێدەکات، ئەوەش دوای دەرچوونی فەرمانی تایبەت لەوبارەیەوە لەلایەن فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانەوە".
 
وەزیری بەرگریی عێراق سەبارەت بە ئامانجی کۆبوونەوەکان دەڵێت، "بە مەبەستی دیاریکردنی وادەی کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و دروستکردنی پەیوەندی و ئاوئاهەنگیی هاوبەشە لەنێوان عێراق، ئەمریکا و وڵاتانی هاوپەیمانی لەسەرجەم بوارە سیاسی، ئابووری، کولتووری، ئەمنی و سەربازییەکان بە جۆرێک لەگەڵ تێڕوانینی حکومەتی عێراق بگونجێن".
 
سابت عەباسی باسی ئامادەیی و توانای سەربازیی هێزەکانی عێراق دەکات و دەڵێت، "هێزە چەکدارەکانمان لەوپەڕی ئامادەباشیدان بۆ کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان و گرتنەدەستی دۆسیەی ئەمنی لەتەواوی وڵات، بەتایبەت دوای ئەو شارەزاییەی لەم ساڵانەی رابردوو و مامەڵەیان لەگەڵ هەڕەشە ئەمنییەکان و کۆنتڕۆڵکردنیان دەستیانخست."
 
رۆژی پێنجشەممە، 25ـی کانوونی دووەمی 2024، وەزارەتی دەرەوەی عێراق و وەزیری بەرگریی ئەمریکا لە دوو راگەیێندراوی جیادا باسی پێکهێنانی لیژنەیەکیان تایبەت بە گۆڕینی سرووشتی پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و واشنتن بۆ "هاوبەشییەکی ئەمنیی دوو قۆڵی" کرد. 
 
گرووپەکانی نزیک لە ئێران کە خۆیان بە موقاوەمەی ئیسلامی دەناسێنن، لە 17-10-2023ـەوە زیاتر لە 140 جار هێرشیان کردووەتە سەر سەربازانی ئەمریکا لە عێراق و سووریا و دەڵێن، هێرشەکانیان لە وەڵامی پشتگیرکردنی ئەمریکایە لە ئیسرائیل.