'موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق' بەرپرسیارێتیی هێرشەکەی سەر فڕۆکەخانەی هەولێری لەئەستۆ گرت

 
رووداو دیجیتاڵ 

دوای چەند کاژێرێکی کەم لە راگەیێندراوی وەزارەتی دەرەوەی عێراق و بەرگریی ئەمریکا لەبارەی ئەو لیژنە هاوبەشەی کە تایبەتە بە گۆڕینی سروشتی پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و واشنتن بۆ "هاوبەشییەکی ئەمنیی دوو قۆڵی"، گرووپە چەکدارەکانی عێراق نزیک لە ئێران کە خۆیان بە موقاوەمەی ئیسلامی دەناسێنن هێرشە درۆنییەکەی نزیک فڕۆکەخانەی هەولێریان لەئەستۆ گرت.
 
شەوی پێنجشەممە، 25ـی کانوونی دووەمی 2024، 'موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق' راگەیێندراوێکی لەبارەی هێرشە درۆنییەکەی نزیک فڕۆکەخانەی هەولێر بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، "لە بەردەوامیی رێبازمان لە موقاوەمەکردنی هێزەکانی داگیرکەری ئەمریکی لە عێراق و ناوچەکە و لە وەڵامی ئەو تاوانانەی قەوارەی زایۆنی دژی کەسوکارمان لە غەززە دەیانکات، موجاهیدانی موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق رۆژی پێنجشەممە، 25ـی کانوونی دووەمی 2024 بە درۆن هێرشیان کردە سەر بنکەیەکی داگیرکار لە نزیک فڕۆکەخانەی هەولێر".
 
'موقاوەمەی ئیسلامی' لەگەڵ بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆی هێرشەکە، بەڵێنی ئەوەشی داوە کە بەردەوام دەبن لە کردنە ئامانجی ئەوەی بە"مۆڵگەی دوژمنان" ناویان بردووە.
 
راگەیێندراوی ئەو گرووپە لەکاتێکدایە، شەوی پێنجشەممە، 25ـی کانوونی دووەمی 2024 درۆنێکی بۆمبڕێژکراو لەنزیک فڕۆکەخانەی هەولێر خرایەخوارەوە. دژە تیرۆری کوردستان ئەو رووداوەی پشتڕاستکردەوە و گوتی، "کاژێر 21:07، درۆنێکی بۆمبڕێژکراو کە لە لایەن میلیشیا لەیاسا دەرچووەکانەوە ئاراستەی بنکەی سەربازیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر کرابوو، تێکشکێندرا و خرایە خوارەوە."
 
ئەو هێرشە درۆنییە دوای کەمتر لە پێنج کاژێر لە راگەیاندنی گەیشتنە رێککەوتنی عێراق و ئەمریکا بۆ پێکهێنانی لیژنەیەکی باڵای سەربازی تایبەت بە گۆڕینی سرووشتی پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و واشنتن بۆ "هاوبەشییەکی ئەمنیی دوو قۆڵی" هات. 
 
گرووپەکانی نزیک لە ئێران کە خۆیان بە موقاوەمەی ئیسلامی دەناسێنن، لە 17-10-2023ـەوە زیاتر لە 140 جار هێرشیان کردووەتە سەر سەربازانی ئەمریکا لە عێراق و سووریا و دەڵێن، هێرشەکانیان لە وەڵامی پشتگیرکردنی ئەمریکایە لە ئیسرائیل.