رووداو دیجیتاڵ
راوێژکارێکی محەممەد شیاع سوودانی دەڵێت، عێراق 69 ملیار دۆلار قەرزدارە کە 9 ملیاری قەرزی دەرەکییە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، بەراورد بە دوو ساڵ لەمەوبەر، قەرزی دەرەکیی عێراق نزیکەی 10 ملیار دۆلار کەمبووەتەوە.
د. مەزهەر محەممەد ساڵح، راوێژکاری دارایی و ئابووریی سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ (چوارشەممە، 25-12-2024)، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "قەرزی دەرەکی عێراق لە دەرەوەی بازنەی مەترسیدایە و تەنیا نزیکەی 9 ملیار دۆلارە. بڕیارە تاوەکو 2028 ئەو قەرزەش بدرێتەوە".
ئەمە لەکاتێکدایە، لە ساڵی 2022دا قەرزی دەرەکی عێراق 19.729 ملیار دۆلار و لە ساڵی 2023دا 15.976 ملیار دۆلار بوو. بەوەش بەراورد بە دوو ساڵی رابردوو، قەرزی دەرەکی عێراق نزیکەی 10 ملیار دۆلار کەمبووەتەوە.
سەبارەت بە قەرزی نێوخۆیی، راوێژکارەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق گوتی،"60 ملیار دۆلارەکە 90٪ـی لە دەزگای بانکیی حکومی قەرز کراوە".
بەگوتەی راوێژکارەکەی سەرۆکوەزیران، "لە داهاتوودا عێراق لە وڵاتێکی قەرزکەرەوە دەبێتە وڵاتێکی قەرزدەر، ئەوەش بەڵگەیە لەسەر باشبوونی دۆخی دارایی عێراق و ئاماژەیەکی ئەرێنییە".
بودجەی عێراق لە ساڵی 2024دا، 211 تریلیۆن دینار بوو، لەکاتێکدا بودجەی ساڵی 2023 نزیکەی 199 تریلیۆن دینار بوو و 64 تریلیۆن دینار کورتهێنانی هەبوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ