گرووپە چەکدارەکانی عێراق هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوەی کوشتنی فەرماندەکەی پاسداران دەکەن

25-12-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 
 
یەکێک لە گرووپە چەکدارەکانی عێراق هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوەی کوشتنی فەرماندەیەکی باڵای فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی لە سووریا دەکات، کە رۆژی دووشەممە ئێران کوشتنەکەی پشتڕاستکردەوە، گرووپەکە دەڵێت: "تۆڵەیەکمان هەیە دەبێت وەریبگرینەوە و لەگەڵ خراپەکاردا هەمیشە دوژمن دەبین."
 
شەوی دووشەممە، 25-12-2023، بزووتنەوەی نوجەبا، یەکێک لە گرووپە چەکدارەکانی عێراق کە خۆی بە گرووپێکی "مقاوەمە دەناسێنێت"، لەبارەی کوژرانی سەید رەزی مووسەوی لە فەرماندە باڵاکانی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران لە سووریا، راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە، تێیدا هاتووە: "لەو کاتانەدا کە لە رۆژانی سەرکەوتن بەسەر دوژمنی زایۆنیدا دەژیین و لەگەڵ نزیکبوونەوەی چوارەم ساڵیادی شەهیدکردنی دوو سەرکردە ئەبو مەهدی موهەندیس و قاسم سولەیمانی، رەزی مووسەوی، سەرکردە لە سوپای پاسداران ئەمڕۆ لە هێرشێکی دوژمنکارانی زایۆنی بۆ سەر ناوچەی سەیدە زەینەب لە دیمەشق شەهید بوو."
 
ئەو بزووتنەوەیە  سەرکردەکەی سوپای قودس بە یەکێک لە بەرگریکاران لە مەزاری سەیدە زەینەب دەزانێت و دەڵێت، "لەو کەسانە بوون، کە داعشی تێکشکاند ئەو گرووپەی ئەمریکا دروستی کرد."
 
بزووتنەوەی نوجەبا هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوەی کوژرانی ئەو سەرکردەیەی سوپای پاسدارانیش دەکات و دەڵێت: "خوێنی بەفێڕۆ ناچێت و تۆڵەیەکمان هەیە دەبێت وەریبگرینەوە و لەگەڵ خراپەکار دوژمن دەمێنینەوە." 
 
رۆژی دووشەممە، 25-12-2023 سوپای پاسدارانی ئێران، کوژرانی رەزی مووسەوی پشتڕاستکردەوە و رایگەیاند: "سەرتیپ رەزی مووسەوی لە ئەنجامی هێرشی دڕندانەی رژێمی زایۆنی گیانی لەدەستداوە". پاسداران هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوە دەکات و دەڵێت؛ "بە دڵنیاییەوە رژێمی زایۆنی باجی ئەو تاوانەی دەدات".
 
بەگوێرەی ماڵپەڕی فەرمیی حکومەتی ئێران، سەید رەزی مووسەوی لە فەرماندە باڵاکانی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران بووە، ماوەیەکی زۆرە وەکو "راوێژکاری سەربازی" لە سووریا کاری کردووە، بەڵام بەهۆی هێرشی ئیسرائیل بۆ ناوچەی زەینەبیە لە دیمەشق کوژراوە.
 
میدیاکانی ئێران باسیان لەوە نەکردووە لە هێرشەکەی ئیسڕائیل بۆ سەر ناوچەی زەینەبییەی دیمەشق چەند کەسی دیکە بوونەتە قوربانی و تەنیا کوژرانی ئەو فەرماندە باڵایەی فەیلەقی قودسیان بڵاوکردووەتەوە.
 
لە کاردانەوەی ئەوەدا، ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران راگەیێندراوێکی لەسەر کوژرانی فەرماندەیەکی سوپای پاسداران لە سووریا بڵاوکردەوە و گوتی: "بێگومان ئەو کارە نیشانەیەکی دیکەی بێزراویی و بێدەسەڵاتیی رژێمی زایۆنییە [ئیسرائیل] لە ناوچەکە".  گوتیشی: "بەدڵنییایەوە دەبێت ئیسرائیل باجی ئەو تاوانەی بدات".

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

گەڕەکێکی هەولێر. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو/ئەرشیڤ

یەکەم قۆناخى سەرژمێریى عێراق خرایە کۆتایی تەممووز

گەمارۆسازی و ژمارەلێدانى خانوو، شوقە و باڵەخانەکان لە عێراق لە چوارچێوەى سەرژمێریى گشتیی دانیشتووان بۆ کۆتایی ئەم مانگە دواخرا. ئەو کارە بڕیار بوو 15ى تەممووز دەستپێبکات و دوو مانگ بخایێنێت