کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن: 454 سکاڵا لەسەر هەڵبژاردنی پارێزگاکانی عێراق تۆمارکراون

رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی تیمی رۆژنامەڤانیی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند کاژێر سێی ئەمڕۆ وادەی سکاڵاکردن لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان کۆتایی هات و 454 سکاڵا لەسەر دەنگدانی گشتی و تایبەت و سەنتەری وردبینیی جیاکردنەوەی دەنگەکان هەبووە، دەشڵێت رۆژی چوارشەممە یان پێنجشەممە ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردن رادەگەیێندرێت.
 
رۆژی دووشەممە، 25-12-2023، عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی میدیایی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بەتۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "کاژێر سێی ئەمڕۆ دوا وادە بوو بۆ تۆمارکردنی سکاڵا لەسەر هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق کە 454 سکاڵا تۆمارکراون، 188 سکاڵایان لەسەر دەنگدانی گشتی و 155 سکاڵایان لەسەر دەنگدانی تایبەت و هەروەها 111 سکاڵای لە سەنتەرەکانی وردبینی و جیاکردنەوەی دەنگەکان بوون."
 
سەبارەت بە کاتی راگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان، سەرۆکی تیمی میدیایی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق گوتی: "سەرجەم زانیارییەکان لە سەنتەرەکانی وردبینی نێردران بۆ سەنتەری داتا، هەموو زانیارییەکان خراونەتە نێو سیستەمەکەوە، بڕیارە رۆژی چوارشەممە یان پێنجشەممەی ئەم هەفتەیە ئەنجامی کۆتایی دەنگدان رابگەیێندرێت."
 
ئەو بەرپرسەی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن ئاماژەی بەوەدا دوای راگەیاندنی ئەنجامی 100٪ـی دەنگەکانی هەڵبژاردن، سێ رۆژ بۆ تانەکان تەرخاندەکرێت، سەبارەت بەوەی ئایا ئەنجامی وردبینی و ژماردن و جیاکردنەوەی دەنگەکان بووەتە هۆی گۆڕانکاری لە کورسیی لایەنەکان، روونیکردەوە: "بەڵێ گۆڕانکاریی لە یەک دوو کورسیی بەربژێران کردووە، بەڵام گۆڕانکارییەکە لە چەند پارێزگایەکی دیاریکراوە و سنووردارە."
 
تۆمارێکی دەنگی بڵاوبووەتەوە گوایە هی سوهەیب راویی پارێزگاری پێشووی ئەنبارە، لەگەڵ چەند بانگەشەیەکی دیکە تایبەت بە هەڵبژاردن لە پارێزگای کەربەلا گوایە بە هاوکاری کۆمیسیۆن کراوە، عیماد جەمیل، گوتی: "ئێمە بەدواداچوون بۆ ئەو قسانە دەکەین و لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا دەکەین، بزانین ئەو لێدوان و قسانە هی ئەو کەسانەیە کە ناویان هاتووە، لەگەڵ هەر بانگەشەیەکی دیکە، ئەوا ئەو کەسانە دەدەینە ئەنجوومەنی باڵای دادوەری بۆ ئەوەی لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکات و ئەگەر پشتڕاستبووەوە سزابدرێن."
 
سێشەممەی رابردوو 19-12-2023 کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان ئەنجامی 94.4%ی دەنگە جیاکراوەکانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی راگەیاند، پاشان لە رۆژانی پێنجشەممە و هەینیی رابردوو 21 و 22ی مانگ دەنگی سندووقە کێشەدارەکانی راگەیاند، کە ژمارەیان 1758 سندووق بوو.