کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن سکاڵایەکی نەوەی نوێ رەتدەکاتەوە

 
 
رووداو دیجیتاڵ 

ئەنجوومەنی کۆمیسیاران سکاڵایەکی جووڵانەوەی نەوەی نوێی لەبارەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان رەتکردەوە و رایگەیاند، هۆکاری رەتکردنەوەی سكاڵاکە نەبوونی بەڵگە بووە لەسەر سکاڵاکە.
 
ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەقی بڕیارێکی لەبارەی رەتکردنەوەی سکاڵایەکی نەوەی نوێ لەسەر هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بڵاوکردەوە.
 
بەپێی بڕیارەکە، ئەنجوومەنی کۆمیسیاران رۆژی 24ـی کانوونی یەکەمی 2023، گفتوگۆی لەسەر یاداشتی ژمارە (ئەلف/ع/414)ـی نووسینگەی ئەمینداری گشتی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران/ هۆبەی بەدواداچوون، کردووە، سەبارەت بە دەربڕینی را لەسەر سکاڵای پارتی جوڵانەوەی نەوەی نوێ و هاوپێچەکانی، پاش تاوتوێکردنی بڕیاردرا بە رەتکردنەوەی سکاڵای جوڵانەوەی نەوەی نوێ، کە رۆژی 20-12-2023 پێشکێشکراوە، چونکە بەڵگەی تەواوی تێدا بەردەست نییە."
 
جوڵانەوەی نەوەی نوێ یەکێک بووە لەو لایەنانەی لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بەشداریکرد و لە کەرکووک توانی زیاتر لە 24 هەزار دەنگ بەدەستبهێنێت بەبێ ئەوەی  هیچ کورسییەکی پارێزگاکە بباتەوە.
 
سێشەممەی رابردوو 19-12-2023 کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان ئەنجامی 94.4%ی دەنگە جیاکراوەکانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی راگەیاند، پاشان لە رۆژانی پێنجشەممە و هەینیی رابردوو 21 و 22ی مانگ دەنگی سندووقە کێشەدارەکانی راگەیاند، کە بە کۆی گشتی 5.6%ی کۆی دەنگەکانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بوو. ئەو سندووقە کێشە لەسەرانەی دەنگەکانیان بە دەستی جیاکرانەوە ژمارەیان 1758 سندووق بوو.
 
عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی راگەیاندنی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، لەبارەی راگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردن دەڵێت: "لەم هەفتەیەدا ئەنجامی کۆتایی رادەگەیێنین بۆ براوەی هەموو کورسییەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکان، کە 275 کورسین، لەگەڵ 10 کورسیی کۆتا بۆ پێکهاتەکان."