پارێزگای دیالە بۆ فەرمانبەران: ئاگاداری مووچەکانتان بن نەدزرێت

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

بە ژمارەی نەناسراو پەیوەندی بە فەرمانبەران و مووچەخۆرانی پارێزگای دیالەوە دەکرێت. گوتەبێژی پارێزگاکە هۆشداری دەداتە کارمەند و مووچەخۆران و دەڵێت، بەهیچ شێوەیەک فریو نەخۆن، ئەگەرنا مووچەکانتان دەدزرێت. 
 
یاسر بەدر، بەڕێوەبەری راگەیاندن و گوتەبێژی پارێزگای دیالە، دووشەممە، 25-11-2024، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ماوەیەکە بە ژمارەی نەناسراو پەیوەندی بە کارمەندانی فەرمانگەکانی دیالەوە دەکرێت، بەمەبەستی دزینی مووچەکانیان.
 
گوتەبێژی پارێزگای دیالە تەنانەت خۆیشی جارێک بۆ ئەم مەبەستە پەیوەندی پێوەکراوە باس لەوەدەکات، پەیوەندی بە زۆر فەرمانبەر دەکرێت، خۆیان وەک بەشی ژمێریاری دەناسێنن و پێیان رادەگەیێنن، کە پلە و سەرمووچەیان بۆ زیاد بووە، داوای کردنەوەی ئەپی هەژماری بانکەکانیان و ژمارەی نهێنی سەر  ماستەرکاردەکانیان لێدەکەن، بۆ ئەوەی دواتر مووچە و پارەی سەر هەژمارەکانیان بدزن. 
 
گوتەبێژی پارێزگای دیالە دەڵێت: "ئەمانە کەسانێکی دز و هەرزە و دەروون نەخۆشن، دەیانەوێت دزی لە فەرمانبەران  و مووچەخۆران بکەن، پێویستە مووچەخۆران زۆر وریا بن و بەم جۆرە پەیوەندییانە فریو نەخۆن".  
 
عەقید هەیسەم سەلمان شەممەری، گوتەبێژی پۆلیسیی پارێزگای دیالە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، تائێستا کەس لەو کارەی ئاگادار نەکردوونەتەوە و کەسیش سکاڵای تۆمار نەکردووە.
 
بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی دیالە، کە نزیکەی 24 هەزار کارمەندی هەیە، لەوبارەوە  پەیوەندی زۆر بە کارمەندەکانیان کراوە. 
 
فارس عەزاوی،بەڕێوەبەری راگەیاندنی تەندروستی دیالە رایگەیاند، لەماوەی 72 کاژێری رابردوودا بە ژمارەی نەناسراو پەیوەندی تەلەفۆنی بە زۆر لە فەرمانبەرانی بەش و بنکە تەندروستییەکانی دیالە کراوە، خۆیان بە بەشی ژمێریاریی تەندروستی دیالە ناساندووە و داوای زانیاری تایبەت بە ماستەر کاردیان لێکردوون. 
 
بەڕێوەبەری راگەیاندنی تەندروستی دیالە گوتی، تەنانەت ئەمانە هەندێک کات خۆیان وەک فەرمانبەری کۆمپانیای ماستەر کارد ناساندووە، تاوەکو فەرمانبەرەکانیان فریو بدەن و زانیاری لەبارەی کارتەکانیان پێبدەن و مووچەکانیان بدزن.
 
بەڕێوەبەری راگەیاندنی تەندروستی دیالە داوا لە کارمەندانی تەندروستیی دەکات، لەو جۆرە پەیوەندییە تەلەفۆنییە ئاگاداری خۆیان بن و  هیچ زانیارییەک نەدەن بۆ ئەوەی مووچەکانیان نەبرێت.
 
وەک فارس عەزاوی باسی دەکات، پەیوەندیان بە هێز ئەمنییەکان کردووە، بۆ ئەوەی لێکۆڵینەوە لەو ژمارە تەلەفۆنانە بکەن، رێکاری یاسایی بەرامبەریان بگرنەبەر.
 
 

 

 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە