13 لە تاوانبارانی دزیی سەدە بە 79 ساڵ بەندکردن سزادران
رووداو دیجیتاڵ
دادگەی تاوانی کەرخ لە بەغدا 13 لە تاوانبارانی دۆسیەی دزیی سەدەی بە 79 ساڵ بەندکردن سزا دا، بەڵام هەندێک لە تاوانبارەکان لە دەرەوەی وڵاتن و دەستگیر نەکراون.
دادگەی تاوانەکانی کەرخ بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، ئەمڕۆ دووشەممە، 25-11-2024، لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، دادگاکە سزای 10 ساڵ زیندانی بۆ نوور زوهێر، تاوانباری سەرەکی دزیی سەدە دەرکرد.
هەروەها دادگە، رائید جوحی، بەڕێوەبەری پێشووی نووسینگەی مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق و 10 تۆمەتباری دیکەی بە شەش ساڵ بەندکردن سزادا، سێ ساڵ زیندانیشی بۆ هەیسەم جبووری، سەرۆکی پێشووتری لیژنەی دارایی پەرلەمان عێراق دەرکرد.
دوای تەواوبوونی دانیشتنی دادگە، مستەفا سەنەد، ئەندامی پەرلەمانی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەبەردەم دادگەکە لەگەڵ عەلی تائیی پارێزەرەکەی دیمەنێکی ڤیدیۆیی بڵاوکردەوە و باس لەوەدەکات، "دوای دوو رۆژە بەردەوام بوون، تازە دانیشتنی دادگە تەواوبوو، بۆ دادگاییکردنی 13 تۆمەتبار، کە لە دادگەی تاوانی ناوەندیی گەندەڵی بە تاوانبار ناسێنران".
مستەفا سەنەد دەڵێت: "سێ تۆمەتباری سەرەکی لەگەڵ 10 تۆمەتباری دیکە کە بەڕێوەبەری گشتیی و یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتیی و فەرمانبەرانی لە باجەکانی تێدابوو بە پلەی مامناوەند و بچووک".
مستەفا سەنەد، دەشڵێت، سزای زیندانی بۆ نوور زوهێر جاسم دەرچوو لەگەڵ دەستبەسەرداگرتنی موڵک و ماڵی گواستراوە و نەگواستراوە. 6 ساڵ زیندانی بۆ رائید جوحی دەرچوو، لەگەڵ دەستبەسەرداگرتنی موڵک و ماڵی گواستراوە و نەگواستراوە . هەروەها هەیسەم جبووری 3 ساڵ زیندانی بۆ دەرچوو لەگەڵ دەستبەسەرداگرتنی موڵک و ماڵی گواستراوە و نەگواستراوە. هەروەها سەرجەم کارمەندەکانی باجەکان هەموویان هەریەکە شەش ساڵ زیندانیان بۆ دەرچووە.
سەنەد دەشڵێت، ئەمە تەنیا لەسەر یەک کەیس بوو، ئەو سزایە، داوای دیکەش لە دژی نووری زوهێر هەیە لەسەر ساختەکاریی و ئەماناتی گومرگی ئەمانەش هێشتا لە لێکۆڵینەوە دان.
کۆی گشتی سزای ئەو 13 تاوانبارە، 79 ساڵە، بەڵام بەشێک لە تاوانبارەکان لە دەرەوەی وڵاتن و دەستگیر نەکراون، لەوانە: نور زوهێر، رائید جوحی و هەیسەم جبووری.
"دزیی سەدە" لە ساڵی 2022 و لەسەردەمی کابینەکەی مستەفا کازمی ئاشكرا بوو، سەرەتا وا بڵاوکرایەوە بڕی دوو ملیار و 500 ملیۆن دۆلار (3 تریلیۆن و 700 ملیار دینار) لەو پارانەی بەناوی "سپاردەی باجەکان"ـەوە لە بانک دانراوە لەنێوان ئەیلوولی 2021 تاوەکو ئابی 2022، واتە لەماوەی کەمتر لە یەک ساڵدا لە رێگەی 247 چەکی پێنج کۆمپانیاوە بردراوە. بەڵام ئێستا دەرکەوتووە پارەکە و ژمارەی تۆمەتبارانیش لەوە زیاترن کە سەرەتا راگەیێندران.
بەپێی بەدواداچوونەکانی رووداو بۆ ئەو ژمارانەی لەلایەن دەستەی دەستپاکییەوە لەبارەی دزیی سەدە بڵاوکراونەتەوە، دەرکەوتووە، شەش تریلیۆن و 500 ملیار دینار بردراوە.
هەرچەندە سەرەتا وا بڵاوکرایەوە، کە نزیکەی سێ تریلیۆن و 700 ملیار دینار بردراوە و کەسێکیش بەناوی نوور زوهیر وەکو پاڵەوان و تاکە تۆمەتباری سەرەکیی دۆسیەکە ناسێندرا، بەڵام پارەکە تادێت زیاتر دەبێت.