تۆمارکردنی کرێکارە بیانییەکان کە لە هەرێمی کوردستانەوە چوونەتە عێراق دەستیپێکرد
رووداو دیجیتاڵ
تۆمارکردنى ئەو کرێکارە بیانییانە لە عێراق دەستپێدەکات کە لە هەرێمى کوردستانەوە چوونەتە ناوچەکانى نێوەڕاست و باشوورى عێراق، بۆئەوەى دۆخى یاساییان لەگەڵ یاسای کارى وڵاتەکە بگونجێنن.
ئەو تۆمارکردنە لە ئەمڕۆ دووشەممە 25ى تشرینى دووەمەوە دەستپێدەکات و تاوەکو 25ى کانوونى یەکەمى ئەم ساڵ بەردەوام دەبێت، ئەو کرێکارە بیانییانە دەگرێتەوە کە لە رێگەى هەرێمى کوردستانەوە هاتوون و چوونەتە پارێزگاکانى عێراق بۆ کارکردن، بەڵام بە فەرمى تۆمار نەکراون.
نەجم عیقابی، گوتەبێژى وەزارەتى کار و کاروبارى کۆمەڵایەتیى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "پرۆسەى تۆمارکردن و گونجاندنى یاسایى ئەو کرێکارە بیانییانە لە رێگەى ئەپلیکەیشنێکەوە دەبێت، کە بەستراوە بە سەکۆى ئەلیکترۆنى ئۆورەوە."
دوای تۆمارکردنی ناوىان، ئەو کرێکارە بیانییانە دەبێت 250 هەزار دینار رسومات بدەن و گرێبەست و شێوازى کارکردنیان بە گوێرەى یاسای کارى عێراق دەبێت کە لە ساڵى 2015 دەرکراوە.
نەجم عیقابی گوتى، "مەرج نییە کرێکارەکە خۆى ئەو مامەڵەیە بکات، بەڵکو ئەو کەسەى لاى کار دەکات دەتوانێت بەڵگەنامەکانى ئەو کرێکارە پێشکێش بکات بۆ راییکردنى مامەڵەکانی."
نزیکەى یەک ملیۆن کرێکارى بیانى لە عێراق کار دەکەن؛ بە گوێرەى سەندیکاى کرێکارانى عێراق، نزیکەى 70%یان بێ مۆڵەت کار دەکەن.
گوتەبێژى وەزارەتى کار و کاروبارى کۆمەڵایەتیى عێراق رایگەیاند، هەرچى پەیوەندیدارە بە دۆخى یاسایى ئەو کرێکارە بیانییانەى لە هەرێمى کوردستانن، ئەوە بە هاوئاهەنگى هەردوو وەزارەتى کار و کاروبارى کۆمەڵایەتیى هەرێمى کوردستان و فیدراڵ دۆخى یاساییان دەگونجێندرێت.
پێشتر لە 14ى تشرینى دووەمى 2024 میقداد میرى، گوتەبێژى وەزارەتى ناوخۆى عێراق گوتی، "هەر کەسێک لەسەری بسەلمێت کە تێوەگلاوە لە بەقاچاخبردن، داڵدەدان و کارپێکردنى ئەو کرێکارە بیانییانەى بەشێوەیەکى نایاسایی هاتوونەتە نێو خاکى عێراق، دەدرێنە دادگە؛ هەروەها رێوشوێنى یاسایی تووند دژى ئەو کەس و کۆمپانیایانە دەگیرێتەبەر کە رۆڵیان لەو هێنانەدا هەبووە."
بە گوێرەى یاساى کارى عێراق، نابێت هیچ کرێکارێکى بیانى بەبێ مۆڵەتى وەزارەتى کار لە هیچ شوێنێک کار بکات، دەبێت خاوەن کارەکەى تێچووى تیکتى گەشتەکەى بۆ عێراق بگرێتە ئەستۆ، ئەگەر کرێکارە بیانیەکە گیانلەدەستبدات، پێویستە خاوەنکارەکەى تێچووى گواستنەوەى تەرمەکەى بۆ وڵاتەکەى بگرێتە ئەستۆ.