رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەى ئامارى بەرایی سەرژمێریى گشتیى دانیشتووان، ژمارەى دانیشتووانى عێراق و هەرێمى کوردستان 45 ملیۆن کەسى تێپەڕاندووە.
ئەو 45 ملیۆن کەسە لە چوارچێوەى زیاتر لە 7 ملیۆن خێزاندان، کە 11.33%ـی سەرۆکى خێزانەکان ژنن، رەگەزى مێ نزیکەى 1% لە رەگەزی نێر کەمترە.
هاووڵاتییانی تەمەن 15 بۆ 60 ساڵ، زۆرینەى دانیشووان پێکدەهێنن کە لە زیاتر لە هەشت ملیۆن خانوو و یەکەى نیشتەجێبوون دا دەژین.
ئەمڕۆ (دووشەممە، 25-11-2024) محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق لە کۆنفرانسێکى رۆژنامەڤانیدا ئەنجامى بەرایی سەرژمێرى گشتیی دانیشتووانى هەرێمی کوردستان و عێراقی بڵاوکردەوە.
عێراق 45 ملیۆن کەسى تێپەڕاند
بەگوێرەى ئەنجامەکە، ژمارەى دانیشتووان لە عێراق و هەرێمى کوردستان 45 ملیۆن و 407 هەزار و 895 کەسە، ئەو ژمارەیە بیانییەکان و پەنابەرانیش دەگرێتەوە.
شارنشین لە عێراق 70.3% و گوندنشین 29.7%ـی تێکڕاى ژمارەى دانیشتووانن.
بەراورد بە ساڵى 2009 کە ژمارەى دانیشتووان 31 ملیۆن و 664 هەزار بوو، رێژەى ساڵانەى گەشەى دانیشتووان گەیشتووەتە 3%.
زیاتر لە حەوت ملیۆن خێزان
بەگوێرەى ئەنجامى بەرایی سەرژمێری، لە عێراق و هەرێمی کوردستان 7 ملیۆن و 898 هەزار و 588 خێزان هەن، تێکڕای ژمارەى ئەندامانى خێزان 5.3 کەسە.
ژمارەى رەگەزى نێر لە عێراق و هەرێمی کوردستان 22 ملیۆن و 784 هەزار و 62 کەسە، کە دەکاتە 50.1%ـی کۆی ژمارەى دانیشتووان.
ژمارەى رەگەزى مێ 22 ملیۆن و 623 هەزار و 833 کەسە، کە دەکاتە 49.8%ـى کۆی ژمارەى دانیشتووان.
ئەو خێزانانەى ژنان سەرۆکیانن 11.33%ـی هەموو خێزانەکان پێکدەهێنن، لەکاتێکدا پیاوان سەرۆکایەتیی 88.67%ـی خێزانەکان دەکەن.
محەممەد شیاع سوودانى دەڵێت، دەستەى ئامارى عێراق رێوشوێنەکانى دیکە بۆ کۆکردنەوەى زانیاریی تەندروستى، دیمۆگرافى، لەدایکبووان، مردووان و خاوەن پێداویستیی تایبەت کۆدەکاتەوە بۆ ئامادەکردنى ئامارى کۆتایی بۆ عێراق و هەرێمى کوردستان.
ئەو کەسانەى لە عێراق و هەرێمى کوردستان تەمەنیان لە 15 ساڵ کەمترە، 36.1%ـى تێکڕاى ژمارەى دانیشتووانن؛ تەمەنى 15 بۆ 65 ساڵ 60.2%ـی هەموو ژمارەى دانیشتووانن
تەمەنى 65 بەرەو سەرەوە 3.7% پێکدەهێنن.
هەشت ملیۆن خانوو
بەگوێرەى ئامارى بەرایی سەرژمێرى، هەشت ملیۆن و 37 هەزار و 221 خانوو لە عێراق و هەرێمى کوردستان هەن. کە 92.1%ـیان خانووى نیشتەجێبوونن، 6.6% شوقە، 0.4% خانووى گڵ و، .0.9%ـیان لە جۆرى دیکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ