رووداو دیجیتاڵ
وێڕای زیادبوونی مەترسیی کاردانەوە و هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر عێراق، گرووپە چەکدارەکانی لایەنگری ئێران لە عێراق رایانگەیاند، بە درۆن هێرشیان کردووەتە سەر دوو شوێنی باشووری ئیسرائیل.
ئەو گرووپەی کە خۆی بە "موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق" ناودەبات، لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، بە درۆنی بۆمبڕێژکراو هێرشی کردووەتە سەر "دوو ئامانجی گرنگ" لە باشووری ئیسرائیل.
ئەم هێرشانە لە کاتێکدان عێراق دەڵێت، "مەترسیی جیدی و گەورە" هەیە ئیسرائیل لە کاردانەوەی ئەو هێرشانەدا هێرش بکاتە سەر وڵاتەکەی.
دووشەممەی رابردوو، ئیسرائیل لە نامەیەکدا داوای لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد، گوشار بخاتە سەر عێراق بۆ ئەوەی هێرشی ئەو گرووپە چەکدارانە بووەستێنێت، کە بە گوێرەی میدیای ئیسرائیلی، لەم چەند مانگەدا زیاتر لە 165 هێرشیان کردووەتە سەر ئیسرائیل.
گرووپە چەکدارەکانی عێراق دەڵێن، ئامانج لە هێرشەکانیان پشتیوانیکردنی غەززە و لوبنانە.
راگەیێندراوی گرووپە چەکدارەکان، کە شەوی رابردوو بڵاوکراوەتەوە، کەمتر لە 10 کاژێر دوای ئەوە هات، ئەنجوومەنی کۆمکاری عەرەبی لەسەر داوای عێراق بۆ گفتوگۆکردن لەسەر "هەڕەشەکانی ئیسرائیل" کۆبووەوە.
ئەنجوومەنەکە رۆژی یەکشەممە رایگەیاند، سەرکۆنەی هەوڵى ئیسرائیل دەکەن بۆ فراوانکردنى "هەڵسوکەوتی دوژمنکارانە"ی لە ناوچەکەدا لەوانەش لە بەرامبەر عێراق، ئەوەش وەک ئاماژەیەک بۆ نامەکەی ئیسرائیل بۆ ئەنجووومەنی ئاساییش کە تێیدا هۆشداریدا بوو لەوەی ئەوان بە مافی خۆیان دەزانن لە بەرامبەر هێرشی گرووپە چەکدارەکان، "بەرگری لە ئیسرائیل و خەڵکەکەی بکەن."
رۆژی هەینی، لە کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە دهۆک، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق گوتی، جگە لەو نامەیەی بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان نێردراوە، حکومەتی ئیسرائیل "پەیامی زارەکی و نووسراو"ی بۆ حکومەتی عێراق ناردووە کە ئەوەش "واتای ئەوە دەگەیێنێت، هەندێک رێکار وەکو ئامادەکاری بۆ هێرشکردنە سەر عێراق گیراونەتەبەر."
فوئاد حوسێن روونیشیکردەوە، "هەنگاوی نێوخۆیی و دەرەکی لە بەرامبەر هەڕەشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر عێراق گیراونەتەبەر."
وەزیری دەرەوەی عێراق گوتی، بەغدا "وەڵامی نامەکەی وەزارەتی دەرەوەی حکومەتی [بنیامین] نەتەنیاهووی دایەوە و هەڵوێستی روونی حکومەتی عێراقی بۆ روونکردەوە،" بەوەی "حکومەتی عێراق جەنگی ناوێت. ئێمە بەشێک نین لە جەنگ."
رۆژی شەممە، وەزارەتی دەرەوەی عێراق گوتی، بە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی راگەیاندووە پێویستە ئەرکی خۆی لە پاراستنی ئاشتی و سەقامگیریی نێودەوڵەتی جێبەجێ بکات و رێکاری پێویست بگرێتەبەر، "بۆ وەستاندنی دوژمنکاریی ئیسرائیل لە کەرتی غەززە و لوبنان، هەروەها بۆ ناچارکردنی تاوەکو تووندوتیژی لە ناوچەکەدا بووەستێنێت و واز لە هەڕەشەکردن بهێنێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ