سوودانی و شاندێکی کۆنگرێس پەیوەندییەکانی بەغدا و واشنتن تاوتوێ دەکەن


رووداو دیجیتاڵ

یەکەمین شاندی کۆنگرێسی ئەمریکا لە دوای پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق ئەمڕۆ بە یاوەریی باڵیۆزی ئەمریکا سەردانی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراقیان کرد بۆ تاوتوێکردنی پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و واشنتن. شاندەکە بە سەرۆکایەتیی مارک تاکانۆ، نوێنەری دیموکراتەکان لە ئەنجوومەنی نوێنەران لە چوار ئەندام پێکهاتبوو. 
 
ئەلینا رۆمانۆڤسکی، باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق لە تویتێکدا دەڵێت، سەردانی شاندە ئەمریکییەکە "گرنگیدانی واشنتن بە بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی ئەمریکا و عێراق، پاراستنی دامەزراوە دیموکراسییەکان و پابەندبوون بە هەوڵەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ بەردەوامیدان بە تێکشکاندنی داعش پیشاندەدات."
 
هاوکات نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە راگەیێندراوێکدا باس لەوە دەکات، لە گفتوگۆکانیاندا، سوودانی و شاندەکەی کۆنگرێس باسیان لە پەیوەندییە دووقۆڵیەکانی هەردوو وڵات، شەڕی دژی "تیرۆر" و کاری هێزە ئەمنییەکانی عێراق لە ریشەکێشکردنی شانە نووستووەکانی داعش کردووە.
 
نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەشڵێت، لە دیدارەکەیاندا سوودانی و شاندە ئەمریکییەکە "باسیان لە چۆنیەتیی بەهێزکردنی پەیوەندی و هاوبەشی لە بوارە جیاجیاکاندا بە گوێرەی رێککەوتنی ستراتیجی کردووە، لە سەرووی هەموویانەوە لە بواری بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا و کەمئاوی."
 
محەممەد شياع سوودانی پەیوەندیی عێراق و ئەمریکای بە گرنگ پیشانی شاندەکە داوە و ئاماژەی بە هەوڵەکانی بەغدا کردووە لە پێناو "دروستکردنی پەیوەندییەکی هاوسەنگ لەگەڵ دەوروبەرە هەرێمییەکەی و نێودەوڵەتییەکەی بە جۆرێک کە سەروەریی نیشتمانیی عێراق پارێزراوبێت و پشتیوانی لە سەقامگیری و ئاساییشی ناوچەکە بکرێت."
 
بەگوێرەی راگەیێندراوە عێراقییەکە، مارک تاکانۆ پیرۆزبایی لە سوودانی کردووە بە بۆنەی دەستبەکاربوونی لە پۆستی سەرۆکوەزیران و بەدەستهێنانی متمانەی پەرلەمانی عێراق. 
 
پێشتر باڵیۆزی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کردبوو، یەکێک لە ئامانجەکانی سەردانی شاندە ئەمریکییەکە بەسەرکردنەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و "پیشاندانی پشتیوانییە بۆ بەزاندنی بەردەوامی داعش لە لایەن هاوپەیمانیی نێودەوڵەتییەوە."
 
رۆژی پێنجشەممە، تاکانۆ کە هاوکات سەرۆکی لیژنەی جەنگاوەرە دێرینەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکایە، لە تویتێکدا رایگەیاند: "خۆشحاڵبووم بە بەسەربردنی ئەم پشووە لە دەرەوەی وڵات بۆ خزمەتکردن و پێکەوەبوون لەگەڵ ئەندامە ئازاکانی سوپاکەمان کە هەموو رۆژێک لە پێناو بنەماکانی دیموکراسیی ئەمریکا و بەهاکانی ئازادی و یەکسانی، قوربانی دەدەن."
 
تاکانۆ هاوپێچ لەگەڵ تویتەکەی، وێنەی خۆی و سێ ئەندامەکەی دیکەی کۆنگرێسی داناون کە دەردەکەوێت لە کوێت بەشداری لە کەرتکردنی کێکێک و دابەشکردنی خواردن بەسەر سەربازەکانی ئەمریکادا دەکەن.