لیوا هاوبەشەکان خرانە نێو بودجەى وەزارەتى بەرگریى عێراق


رووداو دیجیتاڵ

پەرلەمانتارێکى کورد لە پەرلەمانى عێراق ئاشکرای کرد کە بودجە و مووچەى هێزە هاوبەشەکان خراونەتە نێو بودجەى وەزارەتى بەرگریى عێراقەوە بۆ پڕۆژەیاساى بوجەى گشتیى 2023. دەشڵێت، بەڵام دەبێت لە ئەنجوومەنى وەزیران و پەرلەمانى عێراق دەنگی لەسەر بدرێت.
 
دیلان غەفوور، ئەندامى پەرلەمانى عێراق لە پشکى پارێزگاى کەرکووک بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، وەزارەتى بەرگریى عێراق بودجە و مووچەى لیواى 20ـی پێشمەرگەى خستووەتە نێو بودجەى وەزارەتەکەیەوە بۆ پڕۆژەیاسای بودجەى گشتیى 2023  و وەزیرى بەرگریى عێراقیش ئەوەى پێ راگەیاندوون.
 
لە 20ـى تشرینى یەکەمى 2021 بە بڕیارى ژمارە 89ى دیوانى ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق، لیواى 20ـی پێشمەرگە لە وەزارەتى پێشمەرگەى حکومەتى هەرێمى کوردستانەوە خراونەتە سەر وەزارەتى بەرگریى عێراق وەک بەشێک لەو لیوا هاوبەشانەى کە بڕیارە لەگەڵ سوپاى عێراق پێکبهێندرێن بۆ پاراستنى ئاسایشى بۆشایی ئەمنیى نێوان هەرێمى کوردستان و ناوچە کوردستانییەکانى ژێر دەسەڵاتى حکومەتى فیدراڵیى عێراق.
 
دیلان غەفوور دەشڵێت، بەگوێرەى ئەو نووسراوانەى بەردەستیان کەوتوون، ژمارەى پێشمەرگەکانى لیواکە دوو هەزار و 693 پێشمەرگەیە و لەو کاتەوەى خراونەتە سەر وەزارەتى بەرگریى عێراق مووچەیان وەرنەگرتووە. 
 
بڕیارە ئەو لیوا هاوبەشانە بە بەشداریى پێشمەرگە و سوپا بێت بەشێویەکى یەکسان لەنێوان هەردوولادا و حکومەتى فیدراڵیى عێراق ئەرکى دابینکردنى بودجە و مووچەى کارمەندانى لە ئەستۆ بگرێت. پاساوى حکومەتى عێراقى بۆ نەدانى مووچەى ئەو هێزە پەسندنەکردنى بودجەى گشتیى 2022ـى عێراق بوو.
 
ئەو پەرلەمانتارەى عێراق ئاماژەى بەوە دا، لەدواى جێگیرکردنى ئەو لیوایە لە بودجەى وەزارەتى بەرگریى عێراق دوو قۆناخى دیکەى ماوە کە پێویستى بە دەنگدان و تێپەڕاندنە لە ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق لە چوارچێوەى پڕۆژەیاساى بودجەى گشتیى 2023 و دواتر لە پەرلەمان بەهەمانشێوە دەنگى لەسەر دەدرێت. گوتیشى: "تێپەڕاندنى ئەو پرسە لە ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق پێویستى بە کارکردنى سەرکردایەتیى سیاسیى کوردە".
 
ئەو هەنگاوەى وەزارەتى بەرگریى عێراق لە کاتێکدایە لە 23ى تشرینى دووەمى 2022 شاندێکى وەزارەتى پێشمەرگەى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە بەغدا لەگەڵ بەرپرسانى وەزارەتى بەرگریى حکومەتى فیدراڵى کۆبووەوە و پێکهێنانى لیوا هاوبەشەکان و هاوئاهەنگیى ئەمنى و پاڵپشتیى لۆجستییان تاوتوێکرد.