پەرلەمانی عێراق لیژنەیەک بۆ چارەسەری دابەشکردنی سامان لەنێوان هەولێر و بەغدا پێکدەهێنێت

 
رووداو - بەغدا

پەرلەمانی عێراق بە ئامانجی دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ دابەشکردنی سامان لە چوارچێوەی بودجەی فیدراڵیی ساڵی 2021ـدا لیژنەیەکی بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق پێکهێناوە.
 
 ئەندامێکی لیژنەکە پێیوایە کە کێشەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا لە رێگەی ئەو لیژنەیەوە رێگەچارەیان بۆ دەدۆزرێتەوە و ھێزێکی یاساییش بە رێکەوتنەکان دەدات. 
 
فەیسەڵ عیساوی، ئەندامی لیژنەی دانوستاندنکاری نێوان ھەولێر و بەغدا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەو لیژنەیەی لەلایەن پەرلەمانەوە پێکھێنراوە لیژنەی دانوستاندنکار نییە، بەڵکو لیژنەیەکی ئاسانکارییە بۆ ئەو گرفتانەی دێتە بەردەم ھەردوو حکومەتی ھەرێمی کوردستان و ناوەند. دواتر ئەو رێککەوتنەی لەنێوان ھەردوو حکومەتدا دەکرێت ئەو لیژنەیە لە ئەستۆی دەگرێت و لە بودجەی 2021ـدا جێگیری دەکات بۆ ئەوەی ببێتە یاسایەک ھەموو لایەنێک پابەندی بن و لەلایەن پەرلەمانەوە پشتگیریی لێ بکرێت." 
 
بەشێک لە لایەنە سیاسییەکان ھیوایان بەو لیژنەیە ھەڵچنیوە بۆ ئەوەی ببێتە پردێک لەنێوان حکومەتی ھەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەند، بەشێک لە پەرلەمانتارانی عەرەب بە پێویستی دەزانن کە کوردێکیش لە لیژنەکەدا ھەبێت. 
 
محەممەد بەلداوی، پەرلەمانتاری سادیقوون، دەڵێت: "ئەم لیژنەیە کەسایەتیی باشی تێدایە دەستی باڵایان لە سیاسەتدا ھەیە و پێگەی خۆیان ھەیە. بێگومان ئەم لیژنەیە پێویستی بەوەیە پێکھاتەکانی دیکەشی تێدا بێت، بەتایبەت برایانی کورد. ھەروەھا پێویستی بەپاڵپشتیی لایەنە سیاسییەکانی نێو پەرلەمانیش ھەیە." 
 
بەپێی نووسراوەکەی پەرلەمان، لیژنەکە پێکهاتووە لە پەرلەمانتاران: محەممەد شیاع سوودانی، عەدنان زورفی، محەممەد دەراجی، مزاحم تەمیمی، عەبوود عیساوی، هیشام سهێل، حەسەن شوێرد و فەیسەڵ عیساوی. ئەوانە ئەو پەرلەمانتارانەن کە دەنگیان بە یاسای وەرگرتنی قەرزدا بوو
 
ھەرکاتێک رێککەوتن لەنێوان حکومەتی ھەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق بکرایە، ئەگەر بە دڵی بەشێک لە کوتلە سیاسییەکانی نێو ئەم پەرلەمانە نەبووایە، ئەوا حکومەتی عێراقیان ناچار دەکرد کە پابەندی ئەو رێککەوتنە نەبێت، بۆیە سەرۆکی پەرلەمان لیژنەیەکی لە چەند پەرلەمانتارێک پێکھێناوە بۆ ئەوەی دانوستاندن لەنێوان حکومەتی ھەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەند بکەن بەتایبەت لەسەر  پرۆژەیاسای بودجەی 2021 بۆ ئەوەی ھەرکاتێک پرۆژەیاساکە بگاتە پەرلەمان، بە رێککەوتنی ھەمولایەنەکان دەنگی لەسەر بدێت.